مامانەکان ڕۆڵیان هەیە لە کەمکردنەوەی مردنی دایکان، بەڵام گرنگیان پێنادرێت
پێشەنگەکانی بواری تەندروستی ژنان داوا دەکەن بەرەوپێشبردنی کارامەیی و پیشەیی زیاتر لە مامانەکاندا بکرێت بۆ ڕێگریکردن لە مردنی ٤.٣ ملیۆن کەس لە ساڵێکدا.
ناوەندی هەواڵ
مامانەکان لە کەمکردنەوەی ڕێژەی مردنی دایکان و منداڵانی تازەلەدایکبووان و باشترکردنی تەندروستی زاوزێ و دایکان و ژنان لە سەرانسەری جیهاندا ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەرییان هەیە.
کارکردن بۆ بەرەوپێشبردنی کارامەییەکان لە مامانەکاندا تا ساڵی ٢٠٣٥ ساڵانە ژیانی ٤.٣ ملیۆن کەس ڕزگار دەکات و ژمارەی مەترسیداری مردنی دایکان و لەدایکبوونی کۆرپە بە مردوویی و مردنی کۆرپە پاش لەدایکبوون کەمدەکاتەوە کە دەتوانرێت ڕێگری لێبکرێت لەو وڵاتانەی کە گەورەترین مەترسییان لەسەر هەیە.
بەرەوپێشبردن لە پیشەیی مامانەکاندا نزیکەی دوو لەسەر سێ ٪٦٧ی مردنی دایکان، ٪٦٤ی مردنی منداڵانی تازەلەدایکبووان و ٪٦٥ی منداڵە مردووەکان کەم دەکاتەوە، پسپۆڕانی تەندروستی داوای پابەندبوونێکی نوێ دەکەن لە نێوان داڕێژەرانی سیاسەت و بەخشەرەکاندا بۆ بەرەوپێشبردنی پیشەیی لە مامانەکان بۆ سوودی تاکەکان، خێزانەکان و تەواوی کۆمەڵگەکان.
ژنان نیوەی دانیشتوانی جیهانن بەڵام دوو لەسەر سێی هێزی کاری تەندروستی و چاودێری کۆمەڵایەتی جیهانی پێکدەهێنن، بەهای دارایی بەشدارییەکانیان ساڵانە بە زیاتر لە ٣ تریلیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت یان ٥٪ی بەرهەمی ناوخۆیی، کە ساڵانە خزمەتگوزاری تەندروستی پێویست بۆ نزیکەی ٥ ملیار کەس دابین دەکات.
بەڵام لە کاتێکدا ٪٩٣ی مامانەکان و ٪٨٩ی پەرستاران ژنن، کارمەندانی تەندروستی ژن بەشێکی سەرەکین کە بە شێوەیەکی زۆر کەم وەبەرهێنانیان لە کەرتی تەندروستی جیهانیدا هەیە و گرنگی بە پێشخستنی کارامەییەکانیان ناکرێت.
لە ٥ی ئایار، ڕۆژی ساڵانەی جیهانی مامان، ڕێز لە ئازایەتی و بەزەیی و خۆڕاگرییان دەگیرێت، لە پێشکەشکردنی چاودێری و پشتیوانی ڕزگارکەری ژیان، تەنانەت لە کاتی سەختییە خەیاڵنەکراوەکان و کاتی ناخۆشییەکی گەورەدا لە ڕێگەی ململانێ و کارەسات و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی وەک کۆڤید-١٩ مامانەکان و پەرستارەکان بەردەوام کاریان کردووە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی مرۆڤەکان و ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەرییان لەناو کۆمەڵگە هەبووە.
هەر خولەکێک ژنێک لە کاتی دووگیانی یان منداڵبووندا دەمرێت، زۆربەی مردنەکان لەو شوێنانەدا ڕوودەدەن کە سەرچاوەی پێویست و دەستڕاگەیشتنی تەندروستی پێویستیان نیە و دەتوانرێت ڕێگری لە زۆرینەیان بکرێت ئەگەر ژنان لەلایەن مامانێکی لێهاتووەوە یارمەتیان بدرێت.
پێشخستنی کارامییەکان لە ماماندا نەک تەنها ژیانی خەڵک ڕزگار دەکات بەڵکو دەبێتە هۆی بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە و کەرتی تەندروستی بە گشتی، ئەگەر وەبەرهێنان لە تەندروستی دایکاندا بکرێت، ئەوا کۆمەڵێک کاریگەری ئەرێنی پەرەسەندنی هەیە و سوود بە خێزانەکانی ژنان و کۆمەڵگە ناوخۆییەکان و ئابووری دەگەیەنێت.