"بە یەکگرتووی، ژنان دەتوانن بەسەر هەموو ئاستەنگەکاندا سەر بکەون"

سۆزدار دێریک بۆ سێیەمین کۆنفرانسی ژنانی عێراق ڕایگەیاند، ئەگەر ژنان هاودەنگی و یەکگرتوویی خۆیان بەهێز بکەن و پەرە بە ڕێکخستنی خۆیان بدەن، بە دڵنیاییەوە سەردەکەون

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ سێیەمین کۆنفرانسی ژنانی عێراق، بە درووشمی "بە تێکۆشانی یەکگرتوویی لە دژی کۆمەڵکوژیی، ببە دەنگی خۆپاراستن” بەڕێوەچوو، تێیدا بەناوی یەکینەکانی پاراستنی ژنان یەپەژە پەیامی ڤیدیۆیی سۆزدار دێریک ئەندامی فەرماندەیی گشتی یەپەژە پێشکەشی کۆنفڕانسەکە کرا.

 

سەرەتا بەناوی یەپەژە و سەرجەم هەڤاڵانییەوە سڵاوی ئاڕاستەی بەشداربووانی کۆنفرانسەکە کرد و ڕایگەیاند: سێیەمین کۆنفرانسی ژنانی عێراق سەبارەت بە کۆمەڵکوژی ژنانی ئێزدی بەڕێوەدەچێت، ساڵانێکی زۆرە ئێمە وەک گەلێک و ژنانی هەرێمەکەمان ڕووبەڕووی سەختی و زەحمەتی بووینەتەوە، ئەو هێرش و کۆمەڵکوژییانەی کە سیستەمی دەسەڵاتدار و بەتایبەتی داعش لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا دژی هەموو ژنان ئەنجامیان داوە شەرمەزار دەکەین، هەوڵ دەدەین گەلانی هەرێمەکە، ژنان و بەتایبەتی گەنجان لە بواری ڕێکخستنییەوە بەهێزتر بکەین، ئێمە لەو باوەڕەداین ئەگەر ژنان هاودەنگی و یەکگرتوویی خۆیان بەهێز بکەن و پەرە بە ڕێکخستنی خۆیان بدەن، بە دڵنیاییەوە سەرکەتوو دەبن و لە ئەنجامدا ئاشتییەکی هەمیشەیی بۆ هەموو جیهان بەدی دێت.

 

لە درێژەی پەیامەکەیدا سۆزدار دێریک داوای یەکڕیزی و یەکێتی لە هەموو ژنان کرد و وتی: ئەوەی زیاتر بەرخۆدان دەکات و زۆرترین خاوەنداری لە کولتوور و بوونی خۆی دەکات، بە ڕاستی یەکڕیزی ژنانە، وەک یەپەژە ئێمە لە هەموو کاتێ زیاتر بەرخۆدان دەکەین و ژنان دەپارێزین، لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی ئێزدی لەلایەن یەکینەکانی ئێمەوە لە دەستی داعش ڕزگار کراون، لە دەستی دیل گرتنێکی گەورە ڕزگار بوون.

 

لە کۆتاییشدا ڕایگەیاند، بانگەوازی ئێمە وەک یەپەژە بۆ هەموو ژنان ئەوەیە کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و تێکۆشانێکی بەهێز لە دژی هەموو جۆرە هێرشێک بەرز بکەنەوە و پێکەوە یەکێتیەکی گەورە دروست بکەین و دەڵێین بژی یەکێتی ژنان، لە دژی هەرجۆرە داگیرکارییەک بژی بەرخۆدانی گەلان، بژی سەرۆک ئاپۆ، ژن، ژیان، ئازادی.