یەژەشە پشتیوانی خۆی بۆ هەڵمەتی تاژێ لە دژی قڕکردنی ژنان ڕاگەیاند

یەژەشە پشتیوانی خۆی بۆ هەڵمەتی تاژێ بە دروشـی "لە دژی قڕکردنی ژنان ببە دەنگی خۆپاراستن" ڕاگەیاند.

ناوەندی هەواڵ

 

یەکینەکانی ژنانی شەنگال "یەژەشە" لە ڕاگەیەندراوێکدا، پشتیوانی خۆی بۆ هەڵمەتی "لە دژی قڕکردنی ژنان ببە دەنگی خۆپاراستن" ڕاگەیاند، کە لە ٨ی ئادار لە لایەن تەڤگەری ئازادی  ژنانی ئێزدی "تاژێ" ڕاگەیەندرا.

 

یەژەشە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، ئاماژەی بە هەڵوێستی ژنانی ئێزدی کردووە، کە لە ڕەوتی مێژوودا هەرگیز سەریان بەرامبەر بە زۆرداری دانەنەواندووە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا فەرمانی ٣ی ئاب لە شەنگال بەبیرهێندرایەوەو ئاماژە بەوەکراوە، دوێنێ ژنانی ئێزدی، ئەمرۆش ژنانی ئەفغانستان و فەڵەستین ڕووبەڕووی ئەو ڕاستیەی پیاو باڵادەست بوونەوە، بەڵام دوژمنی هەموو ژنان وەک یەکن، بەلای هەموویانەوە ژن ئامێرێکی بەکارهێنانەوە و دەتواندرێت بکوژرێن، دەستدرێژی بکرێتە سەریان، لە ئەمڕۆشدا بە هەمان شێوە باڵادەستەکان بە شێوەیەکی نائەخلاقی هێرش دەکەنە سەر ژنان و ئیرادەی ژنان.

 

یەژەشە ئەوەشی خستەڕوو، لەبەر ئەوەی دوژمنی ژنان خۆشیان دەیبینن کە ژن خاوەن ئیرادەن و ئەو چارەنووسەی بەسەریاندا سەپێندراوە قەبوڵی ناکەن، لە دژی ئەوە دەوەستنەوە، لە ڕەوتی مێژوودا هەرگیز سەریان بەرامبەر بە زۆرداری دانەنەواندووە.

 

"یەکێتی ژنان بهێننە کایەوە"

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە بنەڕەتدا ئامانجی هەڵمەتەکە ئەوەیە کە هەموو ژنان لە بەرامبەر هەموو جۆرە هێرشێکدا بوەستنەوە، یەکێتی ژنان بهێننە کایەوە و ستەمی هەنوکەیی لە ڕیشەوە هەڵتەکێنن، لەسەر ئەو بنەمایانە ئێمە وەک یەژەشە بەشداریمان لە هەڵمەتی "لە دژی قڕکردنی ژنان ببە دەنگی خۆپارستن" ڕادەگەیەنین.

 

لە کۆتاییدا ئاماژە بەوەکراوە، ئامادەن لە هەموو شوێنێک لە بەرامبەر هەموو جۆرە هێرشێک لە دژی ژنان وەڵامی نەیارانی ژنان بدەنەوە.