یەژەکە-ئەڵمانیا بانگەوازی بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی ژنانی زیلان کرد

یەکێتیی ژنانی کوردی ئەڵمانیا "یەژەکە-ئەڵمانیا" لە ڕاگەیاندراوێکدا بانگەوازی بۆ ژنان و دۆستانی کورد لە ئەڵمانیا، هۆڵەندا و بەلجیکا کرد بۆ بەشداریکردن لە٢٠ـەمین فێستیڤاڵی کولتووریی ژنانی زیلان

ناوەندی هەواڵ

 

یەژەکە-ئەڵمانیا لە ڕاگەیاندراوێکدا بانگەوازی بۆ ژنانی کوردو بە تایبەتی ژنانی گەنج، دایکان و دۆستانی کورد لە ئەڵمانیا، هۆڵەندا و بەلجیکا کرد بۆ بەشداریکردن لە٢٠ـەمین فێستیڤاڵی کولتووریی ژنانی زیلان، ئاماژەی بەوەکرد، ژنان لە سەرانسەری جیهان دژی شەڕ، پاوانخوازی، سیستەمی پیاوسالاری، کۆمەڵکوژیی ژنان و هەموو جۆرە نایەکسانییەک درێژە بە تێکۆشان دەدەن و هاتووە: "زیهنییەتی پیاوسالاری کە لە هەموو بوارێکی ژیاندا ڕەنجی ژن پەراوێز دەخات و ئیرادەی پشتگوێ دەخات، ئەمڕۆش بە شێوەی جیاواز بەردەوامە. لە بەرانبەر ئەمەدا ژنان تێکۆشان بۆ ئازادی، یەکسانی و دادپەروەری فراوان دەکەن و پێداگرانە درێژە بە بەرخۆدان دەدەن.

 

لە بەشێکی تری ڕاگەیاندراوەکەی یەژەکە-ئەڵمانیادا هاتووە: فێستیڤاڵی کەلتووریی ژنانی زیلان کە ئەمساڵ بۆ جاری ٢٠ـەم بەڕێوەدەچێت، دەبێتە زەمینەیەکی گرنگ بۆ کۆکردنەوەی بەرخۆدان، ڕەنج، کەلتوور و هێزی ڕێکخراوەیی ژنان.

 

ئاماژە بەوەشکراوە کە فێستیڤاڵەکە لە ٢٠ـی حوزەیراندا لە دۆرتمۆند بەڕێوەدەچێت، ئەوان دژی کوشتنی ژنان، هەژاری، داگیرکاری، نەژادپەرستی و فاشیزم تێکۆشانیان فراوان دەکەن، ەم بۆنەیەوە بانگەواز لە هەموو ژنانی ئەڵمانیا، هۆڵەندا و بەلجیکا دەکەین، بە تایبەتی ژنانی گەنج، دایکان و دۆستان کە بەشداری بکەن لە ٢٠ـەمین فێستیڤاڵی کەلتووریی ژنانی زیلان.