یەژەکە-سویسرا بە دروشمی "ەموومان یەپەژەین" بەشداری لە مانگرتنی ژنان دەکات
یەکێتیی ژنانی کوردی سویسرا "یەژەکە-سویسرا" ڕایگەیاند کە بە دروشمی "هەموومان یەپەژەین" بەشداری لە مانگرتنی ١٤ی حوزەیرانی ژنان دەکات و پشتیوانی لە یەپەژە دەکات.
ناوەندی هەواڵ
یەکێتیی ژنانی کوردی سویسرا "یەژەکە-سویسرا" بەر لە چالاکیی مانگرتنی ژنان لە ١٤ی حوزەیرانـدا کە بە بەشداریی هەزاران ژن لە سویسرا بەڕێوەدەچێت، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند کە لە هەموو ئەو شارانەدا کە تێیدا کاردەکەن و ڕێکخراون، بەشداری لە چالاکیی مانگرتنی ژناندا دەکەن و ئاماژەی بەوە کرد کە پشتیوانی لە هەڵمەتی "هەموومان یەپەژەین" دەکەن کە لە ئاستی نێونەتەوەییدا درێژەی پێ دەدرێت.
نزیکەی ٥٠٠ هەزار ژن بەشدارییان کرد لە یەکەم مانگرتنی نێونەتەوەیی ژناندا لە سویسرا لە ١٤ـی حوزەیرانی ١٩٩١. ژنان سەرەڕای داخوازییەکانیان بۆ کاری یەکسان، داوای مووچەی یەکسان، یەکسانیی دەرفەت و کۆتاییهێنان بە جیاکاری کرد. دەستیان لە کارەکانی خۆیان هەڵگرت و هەندێک چالاکیی ناڕەزایەتیی جیاوازیان ئەنجامدا. یەکێک لە دروشمەکانی مانگرتنەکە بریتیبوو لە: "ئەگەر ژن بیهەوێت، هەموو شتێک دەوەستێت.
لە ٢٨ـەمین ساڵی یەکەم مانگرتندا، لە ساڵی ٢٠١٩ دووەم مانگرتنی نێونەتەوەیی ئەنجامدرا. ژنان دوای ئەو چالاکییانە کە نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەس تێیاندا بەشداریکرد، لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە هەموو ساڵێک لە ١٤ـی حوزەیرانـدا بەشداری لە مانگرتنەکە دەکەن.
بە دروشمی 'هەموومان یەپەژەین' لەگۆڕەپانەکان دەبین
یەژەکە-سویسرا لە ڕاگەیاندراوەکەیدا وتی: بە دروشمی 'هەموومان یەپەژەین' بەشداری لە مانگرتنی ژنان دەکەین لە چالاکییەکانی ١٤ـی حوزەیراندا کە لە شارەکانی وەکو لۆزان، جنێف، بێرن، بیل، وینەرهور، لوزێرن، سانت گالێن، باسێل و زیورخ بەڕێوەدەچن.
تیشکی خستە سەر ئەو چالاکییانەی کە لە جنێف بەڕێوەدەچن و ڕایگەیاند کە مانگرتنی ژنان لە هەمان بەرواری شەرمەزارکردنی کۆبوونەوەی G7ـدا بەڕێوەدەچێت.
یەژەکە-سویسرا ئاماژەی بەوە کرد کە: "١٤ـی حوزەیران مانگرتنی ژنان، لەبەرئەوەی دەکەوێتە بەرواری بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی G7، چاوەڕوان دەکرێت بە ملیۆنان کەس تێیدا ئامادەبن. ئێمەش ئەو ڕۆژە بە ڕەنگەکانمانەوە لەوێ دەبین. بانگەواز بۆ هەموو ژنانی کورد دەکەین؛ لە ١٤ـی حوزەیراندا بە ڕەنگەکانمانەوە، لەگەڵ دروشەمەکانمان لە گۆڕەپانەکان دەبین. چالاکانە پشتیوانی لە هەڵمەتی "هەموومان یەپەژەین" دەکەین، کە لە ئاستی نێونەتەوەییدا دەستی پێکراوە. خاوەندارێتیکردن لە یەپەژە بە مانای خاوەندارێتیکردن لە خۆپاراستنی ژنان دێت. بانگەواز لە ژنانی کورد و دۆستانیان دەکەین کە چالاکانە بەشداری لەم چالاکییانەدا بکەن.