٦ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار منداڵ لە سودان بێبەشبوون لە خوێندن

سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی کردووەتەوە کە نزیکەی ٦.٥ ملیۆن منداڵ لە سودان بێبەشبوون لە خوێندن، خوێندنگەکان بوونەتە پەناگەی خێزانەکان.

ناوەندی هەواڵ-

 

بەهۆی ململانێی بەردەوامی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، بە ملیۆنان منداڵ لە خوێندن بێبەش بوون، ئەمەش بووەتە هۆکار بۆ وەستاندنی پڕۆسەی خوێندن لەوناوچەیەدا، جگە لەوەش خوێندنگاکان بوونەتە شوێنی داڵدەدانی خێزانەکان.

 

بە پێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی منداڵانی سودان، ئاشکرایە نزیکەی ٦ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار منداڵ لە خوێندن بێبەشبوون، ئەفسەری پەیوەندی و ڕاگەیاندن لە سودان، میرا ناسر، ڕوونیکردەوە، دوای داخستنی خوێندنگەکان، زیانەکانی خوێندن زیادیکردووە، ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی ئەو منداڵانەی تەمەنی خوێندنیانە هێشتا بەچوونەتە پۆلەکانی خۆیان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، فەوتاندنی ساڵێک خوێندن دەبێتە هۆی دروستبوونی زیانێکی زۆر هەروەها کەلێنێک لە ئاستی زانیاری خوێندکاراندا دەکات، نەخوێندن چارەنووسی منداڵان دەگۆڕێت، بەڵکو یەکێکە لە مافە سەرەتاییەکان و بە نەخوێندن مافەکانیان پێشێلدەکرێت.

 

میرا ناسر ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم خوێندنگەکان داخراون یاخود کراون بە پەناگەیەک بۆ خێزانەکان، بەگوێرەی ئاماری یونیسێف، لە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٣ەوە تا کاتی دەستپێکردنی شەڕ، نزیکەی ٣ ملیۆن منداڵ ئاوارەبوون، ئەمە جگە لەوەی نزیکەی ٢ ملیۆن منداڵ ئاوارەبوون لە ئەنجامی قەیرانەکانی پێشوو.