ئیڤان مامەند ماڵی خۆی دەکاتە مەیدانی هەڵوێست بۆ ڕۆژئاوا
ئیڤان مامەند، چالاکوان لە هەولێر بۆ پشتیوانیکردن لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوا، لە ماڵەکەی خۆیدا بە هەڵکردنی سروودی نیشتمانیی و وتنەوەی درووشم و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەگەڵ دراوسێکانی چالاکییەکی ئەنجامدا.
ناوەندی هەواڵ
ئیڤان مامەند چالاکوانی مەدەنی لە پارێزگای هەولێر لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک پشتیوانی خۆی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند.
ئیڤان مامەند نووسیویەتی، ئەرکی سەرشانی هەموو تاکێکی ئێمەیە ڕۆحی نیشتمانی بپارێزێت، بە سروود و ئاڵا، شەقاممان کردە مەیدانی خۆشەویستی خاک، شانازی بە خۆم و دراوسێیەکانمەوە دەکەم، کە ئاوا بە یەکگرتوویی وەڵامی چالاکییەکەم و دەنگی سروودی نیشتمانییان دایەوە.
“کوردین و بە بەرزی دەمێنینەوە”
وتیشی: کوردین و بە بەرزی دەمێنینەوە، لەگەڵ بینینی ئاڵای کوردستان و دەنگی ئەی ڕەقیب هەستێکی پێناسە نەکراو بوو، کاتێک خۆم دەنگی سروودەکەم بەرزکردەوە، نەمزانی ئاوا گشت گەڕەک دەهەژێت، لە منداڵەوە تا پیر، هەمووان هاتنە دەنگ.
“هیچ هێزێک ناتوانێت ئەم عەشقە لە دڵمان دەربهێنێت”
ئیڤان مامەند چالاکوان، لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، ئەم دیمەنە پێمان دەڵێت ورەمان لە ئاسمانە و هیچ هێزێک ناتوانێت ئەم عەشقە لە دڵمان دەربهێنێت، بژی کورد، بژی کوردستان.