ئیسرائیل ژن و منداڵی کردە ئامانج: ٤٥ کەس گیانیان لەدەستدا

ئیسرائیل هێرشی کردە سەر بەیت لاحیە لە باکووری غەززە، لەو هێرشەدا لانیکەم ٤٥ فەڵەستینی کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، گیانیان لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە دوای ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە ئیسرائیل بەبێ پچڕان بەردەوامە لە هێرشەکانی دژی کەرتی غەززە، لەو هێرشانەدا ژنان و منداڵان دەکرێنە ئامانج، بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەڵەستینی وافا، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ٥ ماڵ لە نزیک بەیت لاحیە، لەو هێرشانەدا لانیکەم ٤٥ فەڵەستینی لەوان ژن و منداڵ گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسیش برینداربوون.

 

ڕاگەیەندرا کە لەبەر ئەوەی ئیسرائیل تیمە تەندروستییەکانی کردۆتە ئامانج و نەخۆشخانە لە خزمەتگوزاری دەرچووە، فەلەستینییەکان ناچاربوون تەرمەکان و بریندارەکان ببەنە ماڵەکانی دەوروبەری شوێنی بۆردومانەکە.

 

ئیسرائیل خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج

ئاماژە بەوەکرا، ماڵێک کە خێزانێکی پەنابەر تێیدا نیشتەجێ بوون لە شاری مەشرو بەیت لاحیە تۆپباران کراوەو ١٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون و بێسەروشوێن بوون.

 

شایەتحاڵانی ڕووداوەکە ڕایانگەیاندووە، سوپای ئیسرائیل بە تۆپ هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای کەمپی نوسەیرات لە ناوەندی غەززە.، هەروەها بە تانک هێرشی کردووەتە سەر هەندێک خاڵ لە ڕۆژئاوا ڕەفەح لە باشووری ئەو وڵاتە.