ئیسرائیل چوونی هاوكارییە مرۆییەكانی بۆ غەزە ڕاگرت
دوای كۆتایی هاتنی قۆناغی یەكەمی ڕێككەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەكان، گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەكان بۆ ناو كەرتی غەزە لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕاگیرا.

ناوەندی هەواڵ
نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە ڕاگرتنی چوونی هاوكاریی مرۆیی بۆ غەزە ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە، لەگەڵ كۆتایی هاتنی قۆناغی یەكەمی ڕێككەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەكان، بڕیارمانداوە لە ئەمڕۆوە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەكان بۆ ناو كەرتی غەزە ڕابگرین.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی حەماس پلانەكەی نوێنەری تایبەتی ترەمپ بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ستیڤ ڤیتكۆڤ سەبارەت بە درێژكردنەوەی ڕێككەوتنی ئاگربەست لە غەزە بۆ مانگی رەمەزان ڕەتكردووەتەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، بەبێ ئازادكردنی ڕفێنراوەكانمان، ئاگربەست لە غەزە پەسەند ناكەین، هەروەها ئەگەر حەماس لەسەر ڕەتكردنەوەی ئاگربەست لە غەزە بەردەوام بێت، ئەوا لێكەوتەی دیكەی دەبێت.