ئینتەرنێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە تەواوی ڕاگیرا

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، لەگەڵ پچڕانی ئینتەرنێت، هەواڵی کوژرانی خۆپیشاندەران لە شارەکانی کەرەج، کامیاران، کرماشان و شارەکانی دیکە هەیە، بەپێی زانیارییەکان تەنها لە کەرەج زیاتر لە ٥٠ کەس بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.

ناوەندی هەواڵ

 

 دوێنێ ٨ی کانوونی دووەم، لە دوازدەهەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، کە مانگرتنی گشتی خۆپیشاندانەکان بەربڵاوتر بوو، بەپێی ئەو هەواڵ و گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە، خۆپیشاندانەکان تا کاتژمێرەکانی سەرەتایی بەیانی، واتە ئەمڕۆ بەردەوام بوون، باس لەوە شکرا کە کۆمەڵکوژی و سەرکوت لە دژی خۆپیشاندەران هەبووە.

 

دوای ئەوەی ملیۆنان کەس لە '' تاران، مەشهەد، ئیسفەهان، شیراز، گیلان، قەزڤین، یەزد، قوم، دێزفول، خومەین شار، بەندەرعەباس، گۆرگان، ئەندیمەشق، مەراغە، بابیل، کەرەج، ئەردەبیل، زاهیدان، چابەهار، ئێران شەهر، ئەهواز و دەیان شاری دیکە ڕژانە سەر شەقامەکان، سەرکوتکردن دەستی پێکرد و ئینتەرنێت بە تەواوی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڕاوە.

 

''خۆپیشاندان لە شارەکانی  ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بڵاودەبێتەوە''

لە ئیلامەوە تا ورمێ، زۆرێک لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شایەتی خۆپیشاندانی بەربڵاو بوون، شەوی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکان بە توندوتیژی هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران لە کامیاران، خوروێ، سینێ و کرماشان، کە بەپێی زانیارییەکان، زۆرێک لە خۆپیشاندەران گیانیان لەدەستداوە، هەروەها بەپێی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان لە کامیاران چوار خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستداوە و بەشێک لە خۆپیشاندەرانیش لە کرماشان گیانیان لەدەستداوە، بەڵام بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێتەوە نەتوانرا ژمارە و ناوی وردی خۆپیشاندەران بە دڵنیاییەوە ڕابگەیەنرێت.

 

هەروەها ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە فەردیس کەرەجەوە بڵاوکراونەتەوە دەریدەخەن ،کە زۆرێک لە خۆپیشاندەران گیانیان لەدەستداوە، لە یەکێک لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت کە ١٠ کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان دەکوژرێن، هەروەها سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ باس لەوە دەکەن کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە فەردیس گیانیان لەدەستداوە زیاترە لە ٥٠ کەسن.

 

''دەیان ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلی هێزی ئەمنی سووتاون''

دوای زیادبوونی فشارەکان، خۆپیشاندەران هێرشیان کردە سەر ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان، کە بەگوێرەی وێنە بڵاوکراوەکان، لە تاران، مەشهەد، ئیسفەهان و چەندین شاری دیکە، دەیان ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل، بینای دامەزراوە ئەمنییەکان و پاسەکانی هێزە ئەمنییەکان سووتێنراون.

 

هەروەها میدیاکانی سەر بە سوپای پاسداران شەوی ڕابردوو کوژرانی دوو بەرپرسی ئەمنیان لە کرماشان پشتڕاست کردەوە.

 

لەگەڵ زیادبوونی فشارەکان، ژمارەی دەستبەسەرکردنی خۆپیشاندەرانیش زیاتر دەبێت، بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، سەدان خۆپیشاندەر لە شارە جۆربەجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستبەسەر کراون.