ئیلهام ئەحمەد: سووریا پێویستە نا ناوەندی بێت

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەری خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەبارەت بە دۆخى ڕۆژئاواى کوردستان و سووریا لە پانێڵی کۆڕبەندى مێپس لە دهۆک وتی: سووریا پێویستە نا ناوەندی بێت

ناوەندی هەواڵ

 

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەری خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەبارەت بە دۆخى ڕۆژئاواى کوردستان و سووریا لە پانێڵی کۆڕبەندى مێپس لە دهۆک وتارێكی پێشکەشکردو وتی: پرسی ئاشتی پرسێکی بنگەیی ڕۆژهەڵاتی ناوڕەاستە لەسەر چەند بنەمایەک دادەمەزرێت، کە یەکێکیان زیهنییەتە، کە پێویستە لەسەر بنەمای چەسپاندنی ئاشتی سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە و چارەسەریش حوکمڕانییەکی نامەرکەزییە.

 

وتیشی: خاڵێکی دیکە کە لە بەرقەرارکردنی ئاشتیدا ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت، پرسی داننانە بە مافی گەل و پێکهاتەکان لەناویاندا مافەکانی گەلی کورد، کە لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی بەعس پیشێلکراوە، لە ئێستادا ئێمە جەخت دەکەینەوە کە دەبێت لە سووریای نوێدا ئەو پرسەش چارەسەر بکرێت.

 

ئیلهام ئەحمەد تیشکیشی خستە سەر پرسی ژن و لە بارەیەوە ڕایگەیاند: پرسی ژن یەکێکە لەو خاڵە بنگەییانەی ئەگەر چارەسەر نەبێت، ئەوە پرسی ئاشتیش پێکنایەت، چونکە پرسی ژن کاریگەریی ڕاستەوخۆ دەکاتە سەر پرسی ئاشتی کۆمەڵایەتی کە دەبێت بە بناغە بۆ ئاشتی سیاسی و پێکەوەژیان.

 

هەروەها ڕاشیگەیاند: ئەم پرسانە پێویستە بەشێوەیەکی دەستووری و یاسایی چارەسەر ببن، کە ئەوەش بە شێوازی ناوەندگەرایی پێکنایەت، دیمەشق وەک بنکەیەکی بڕیاردەر ناتوانێت حوکمڕانی هەموو دەڤەرێکی سووریا بکات، پێکهاتە و باوەڕیە جیاوازەکان و پرسی ژن لەو وڵاتەدا بە تاکڕەوی و یەکزمانی ناتوانرێت چارەسەر ببێت، لە ئەگەری چارەسەرنەکردنیشیان دەبن بە هۆکاری پێکدادان و سەرهەڵدانەوەی شەڕ.

 

ئیلهام ئەحمەد وتیشی: ئێمە باوەڕمان وایە سووریا زۆر خوێنی لەبەرڕۆشتووە و شەڕ کۆمەڵگەی گەلانی سووریای ماندوو کردووە، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە کە ئاشتی گەلان و لێکتێگەیشتنی پێکهاتە جیاوازەکان بێتە ئاراوە، دەوڵەتی سووریا بەرهەمی ڕێکەوتننامەی سایکس – بیکۆیە و ئەو پرسە بنگەییانەی کە باسمان کرد هەمووی بە هەڵپەسێردراوی بەجێمان، باوەڕیشمان وایە ئەو کێشە هەڵپەسێردراوانەبوون کە بوون بەهۆی پێکدادانەکان لە سووریا و لە هەرێمەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

باسی لەوەشكرد: ئەم دەسەڵاتە نوێیەی لە دیمەشق بانگەشەی چارەسەرکردنی ئەم پرسە گرنگانە دەکات، ئێمە باوەڕمانوایە بەو شێوە تاکڕەویە ئەوان ناتوانن پرسەکان چارەسەر بكەن، ئێمەش هەم ڕەخنە و تێبینیمان لە ڕێكاری ئەوان هەیە، کە تائێستا بەیانیان کردووە، لەهەمان کات لە گفتوگۆ و دیالۆگیشداین لەگەڵیان، چونکە باوەڕمان وایە کە سەردەمی دیالۆگ و ئاشتیە.

لە کۆتاییشدا وتی: ئەگەر ئاشتییەک ژن تێیدا بەشدار نەبێت، ناتوانێت ببێت بە ئاشتییەکی بەردەوام.