ئیلهام ئەحمەد: دەمانەوێت لە دەستووری نوێی سووریادا مافەکانی کورد دەستەبەر بکرێت
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک ڕایگەیاند، دەیانەوێت لە دەستووری نوێی سووریادا مافەکانی کورد دەستەبەر بکرێت و پێویستە لە دانوستانەکانی دەستووری بنەڕەتیدا لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێندرێت.

ناوەندی هەواڵ
نۆیەمین دیداری سلێمانی لە ڕۆژانی ١٦ و ١٧ـی نیسان لە زانکۆی ئەمریکی لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی بەشی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە یەکیک بوو لە بەشداربووانی دیدارەکە سەبارەت بەو پرسە بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەنها قسەی کرد.
هەروەها سەبارەت بە بابەتەکانی دیدارەکە ئاماژەی بەوەکرد، لە دیدارەکەدا بە گرنگییەوە باس له بارودۆخی ئێستای جیۆسیاسی، سیاسی و ئەو هاوسەنگیانەی، کە هەیە لە ناوچەکەدا و کاریگەرییەکانی لەسەر وڵاتانی وه ک سووریا کراوه، جەخت لەوە کرایەوە، کە گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش ساڵی ٢٠١١ مومکین نییە، هەندێک بۆچوونەکان داوای سیستەمی لامەرکەزی دەکەن، هەندێکی تریش داوای سیستمی فیدراڵییان کرد، کە زۆرینەی خەڵکی سووریا لەسەری ڕێککەوتوون، ئەوە ڕوونە، کە سیستمی ناوەندیی ڕەق چیتر بژاردەیەکی هەمیشەی نییە.
"پێویستە سووریا بە هاوبەشی بەڕێوەبچێت"
ئیلهام ئەحمەد سەرنجی بۆ مۆدێلی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک ڕاکێشا و وتی: ئەم ئیدارەیە نوێنەرایەتی ئیرادەی سیاسی پێکهاتەکانی هەرێم دەکات، ژنان و پێکهاتە جیاوازەکان ئیرادەی سیاسی هاوبەشی خۆیان لەم ئیدارەیەدا پێکهێناوە، بۆیە زۆرێک لە هێز و لایەنە سیاسییەکان ئارەزووی ئەم سیستمەیان هەیە، هەمووان دەبینن پێویستە سووریا بە هاوبەشی بەڕێوەبچێت.
"کاتی کۆنفڕانسەکە دیاری نەکراوە"
ئیلهام ئەحمەد لە درێژەی قسەکانیدا سەرنجی بۆ ئەو هەوڵانە ڕاکێشا بە ئامانجی یەکخستنی بۆچوونی هێز و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و ئاماژەی بەوەدا کە گفتوگۆکان سەبارەت بە وادەی بەستنی کۆنفرانسی نیشتمانی تەنیا قسە و باس بووە، و تا ئێستاش وادەی دیاری نەکراوە، بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە، بەڵام لەسەر زۆربەی خاڵەکان ڕێککەوتن هەبووە.
ئیلهام ئەحمەد هیوای خواست لە ماوەیەکی نزیکدا کۆنفرانسی نیشتمانیی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەبچێت و وتی: ئەمە داواکاری گەلە، دەمانەوێت هێز و لایەنەکان هەڵوێستەکانیان یەکبخەن، لیژنەیەک بۆ دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی شام پێکبهێنن بۆ ئەوەی لە دەستووری نوێی سووریادا مافەکانی کورد دەستەبەر بکرێت.