ئیلهام ئەحمەد: هەوڵی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەدەین

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، سەرنجی بۆ ڕۆڵی نێوەندگیری ئەمریکا ڕاکێشاو وتی: ئێمە پابەندین بەو ڕێککەوتنانە و هەوڵدەدەین جێبەجێیان بکەین.

ناوەندی هەواڵ

 

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس قسەی کرد سەبارەت بە هێرشەکانی چەتەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سووریا بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود، ئەشرەفییە و بەنی زەید لە شاری حەلەب.

 

ئیلهام ئەحمەد سەبارەت بە بارودۆخی ئێستا وتی: ئێمە پابەندین بە ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگەوە، بەڵام تا ئێستا دەبینین کە حکومەت چارەسەری ناوێت، ئەوان بە هێرشکردنە سەر ناوچە کوردنشینەکان لە حەلەب ڕێگای شەڕ هەڵدەبژێرن. لایەنی حکومەت هەوڵدەدات بەو هێرشانە کۆتایی بەو ڕێککەوتنانە بهێنێت کە پێشتر کرابوون. ئێمە لە بەرامبەردا پابەندین بەو ڕێککەوتنانە و هەوڵی جێبەجێکردنیان دەدەین.

 

ئیلهام ئەحمەد سەرنجی بۆ ڕۆڵی ئەمریکا لە چارەسەرکردندا ڕاکێشاو وتی: ئەمریکا ڕۆڵی نێوەندگیری دەگێڕێت، هیوادارین فشار بخاتە سەر ڕێککەوتنەکە.