ئیلهام ئەحمەد: هێشتا هەموو شتێک کۆتایی نەهاتووە مەترسی شەڕ بەردەوامە

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری دەڵێت: نابێت کەس وا بیربکاتەوە کە هەموو شتێک کۆتایی هاتووە، هێشتا مەترسی شەڕ هەیە، دەبێت هۆشیار بین لە بەرامبەر ئەمە و لە نزیکەوە چاودێریی بکەین.

ناوەندی هەواڵ

 

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەشداری لە کەناڵی ڕۆناهی کردو سەرنجی بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ ڕاکێشا و ڕایگەیاند کە نابێت هیچ دوودڵییەک لە دیپلۆماسی نێودەوڵەتی و کردەوەکانی سەر زەویدا هەبێت.

 

ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند کە ئەو هەوڵانەی تا ئێستا دراون بە ئامانجی جێبەجێکردنی ئاگربەست و ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژییەکان و کردنەوەی کەناڵەکانی پەیوەندی بووە.

 

"هێشتا مەترسی شەڕ هەیە"

ئیلهام ئەحمەد سەرنجی بۆ ئەگەری شەڕێکی نوێ ڕاکێشا و وتی: مەترسی شەڕ هەیە، با کەس وا بیر نەکاتەوە کە هەموو شتێک کۆتایی هاتووە،مەترسییەکە هێشتا هەر ماوە، لە بەرامبەر ئەمەدا دەبێت وریا بین و لە نزیکەوە چاودێری بکەین، بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان، هەوڵەکانمان تا ئەمڕۆ بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە، ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژییەکان، جێبەجێکردنی ئاگربەست ڕێگەی خۆشکردووە بۆ... پەیوەندییەکان، بەڵام هیچ شتێک مسۆگەر نەکراوە، بە تایبەت لە دیپلۆماسی و پەیوەندییەکانی دەرەوە و کۆبوونەوەکاندا، بەڵام لە هەمانکاتدا، دەبێت لە کردارەکانماندا بێ لەرزین بین لە پرۆسەی ڕابردوودا بینیمان کە ئەمە ئەزموونێکی گەورە بوو بۆ کورد، قەڵغانێک بوو بۆ پاراستنی کورد لەمڕۆ بەدواوە.