ئیلهام ئەحمەد داوایەکی ئاڕاستەی دانیشتووانی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب کرد
ئیلهام ئەحمەد پەیامێکی دڵنەوایی ئاڕاستەی دانیشتووانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە کرد و داوای لێکردن لە ماڵەکانیان بمێننەوە، هەروەها داوای لە حکومەتی ڕاگوزەر کرد ئەو پێشێلکارییانەی کە لەلایەن گرووپەکانییەوە ئەنجام دەدرێن ڕابگرێت.
ناوەندی هەواڵ
لە ٢٢ـی مانگەوە، چەكدارانی سەر بە حكومەتی كاتی سووریا هێرشیان كردەسەر گەڕەكی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بەهۆیەوە ژنێک شەهیدبوو و ١٩ هاوڵاتیی مەدەنیش برینداربوون کە سێ منداڵ و چوار ژنیان تێدایە، هەروەها ٦ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بریندار بوون، دواتر ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەست کرا، بەڵام هێشتا ناوبەناو گرووپەکانی سەر بە حکومەتی ڕاگوزوەر تەقە لە هەردوو گەڕەکەکە دەکەن.
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەبارەت بە هێرشەکانی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بۆ ئاژانسی هەواڵی هاوار نیوز هەڵسەنگاندی کرد و پەیامی دا.
ئیلهام ئەحمەد لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب لە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەن بۆ پاراستنی دانیشتووان، بەڵام گرووپەکانی سەر بە حکومەتی ڕاگوزەر گەمارۆیان بەسەر هەردوو گەڕەکەکەدا سەپاندووە، هێزە ئەمنییە گشتییەکانی سەر بە حکومەتی ڕاگوزەر دەڵێن، وەزارەتی پاراستن هەردوو گەڕەکەکەی گەمارۆداوە، ئایا بۆچی هێزە سەربازییەکان گەڕەکە مەدەنییەکان گەمارۆ دەدەن و ئامانجیان چییە لەم کارەدا؟.
ئیلهام ئەحمەد لە قسەکانیدا داوای لە دانیشتووان کرد کە گەڕەکەکانیان بەجێنەهێڵن و ڕایگەیاند، هیچ نیازێک نییە بۆ هێرشکردن نە لەلایەن حکومەتی ڕاگوزەرەوە و نە هەڕەشەیەک هەیە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ سەر ئەو دوو گەڕەکە.
ئەوەشیخستەڕوو، دانوستاندن بۆ سەپاندنی ئاسایش لە ڕێگای پێکهێنانی خاڵەکانی ڕێکەوتنی ١ی نیسانەوە دەربارەی حەلەب واژۆ کراوە، ئێمە پێداگرین کە ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت.
هەروەها ئیلهام ئەحمەد داوای لە حکومەتی ڕاگوزەر کرد، ئەو پێشێلکارییانەی کە لەلایەن گرووپەکانی سەر بە ئەوەوە ئەنجام دەدرێن ڕابگرێت.