ئیلهام ئەحمەد بەشداری لە کۆڕبەندی دهۆک دەکات
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەشداری لە کۆڕبەندی ئاسایش و ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شاری دهۆک دەکات.
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ ١٨ی تشرینی دووەم، کارەکانی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکی لە شاری دهۆکی هەرێمی کوردستان بە ناونیشانی: “ئاڵۆزی بەڕێوەبراو، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی نوێ” دەستیپێکرد.
ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە سیاسی و ئەکادیمییەکان و توێژەران و نووسەران لە ئەمریکای و ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشداری لە کۆڕبەندەکەدا دەکەن، بۆ گفتوگۆ لەسەر ئاڵنگارییە ئەمنییەکان و گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە ناوچەکە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک دانیشتن و دیالۆگ کە بە درێژایی سێ ڕۆژی کۆڕبەندەکە بەردەوام دەبێت.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی هاوار، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕیوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاو مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک "قەسەدە" ئەمڕۆ لە ڕۆژی دووەمی کارەکانی کۆڕبەندەکەدا بەشدار دەبن.
کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆنگرەیەکی ساڵانەیە کە لەلایەن زانکۆی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان ڕێکدەخرێت و لە ساڵی ٢٠١٩ دەستیپێکردووە.