یونیسێف: وشکەساڵی ئازارەکانی منداڵانی گەڕاوەی ئەفغانستان زیاتر دەکات

یونیسێف ئاشکرایکردووە، زیاتر لە دوو ملیۆن و ٦٠٠ هەزار ئەفغانی لە وڵاتانی دراوسێوە گەڕاونەتەوە، هۆشداریشیدا کە منداڵانی گەڕاوە ڕووبەڕووی کەمی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و کاردانەوەی درێژخایەنی وشکەساڵی دەبنەوە، لە کاتێکدا قەیرانی مرۆیی بەرەو خراپتر دەچێت.

ناوەندی هەواڵ

 

وشکەساڵی لە ئەفغانستان کاریگەری وێرانکەری لەسەر منداڵان هەیە، دیارترینیان بێبەشکردنیانە لە ئاوی پاک و زیادبوونی بەدخۆراکی و بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشیانەی کە مەترسی لەسەر ژیان و گەشەکردنیان هەیە.

 

ڕۆژی ٢٣ی کانوونی یەکەم، یونیسێف ڕایگەیاند، زیاتر لە دوو ملیۆن و ٦٠٠ هەزار ئەفغانی لە وڵاتانی دراوسێوە گەڕاونەتەوە، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان لەنێو ئەم گەڕاوانەدا و خزمەتگوزاری پێویستیان نییە، هۆشداریشیدا لەوەی ئەم منداڵانە ڕووبەڕووی دەرئەنجامەکانی وشکەساڵییەکی درێژخایەن دەبنەوە کە ئازارەکانیان زیاتر دەکات.

 

یونیسێف دووپاتیکردەوە، کە جانتای پاکوخاوێنی بەسەر خێزانە گەڕاوەکاندا دابەشکردووە لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدا بۆ وەڵامدانەوەی پەرەسەندنی پێداویستییە مرۆییەکان لە وڵاتەکەدا، وتیشی: زیاتر لە نیوەی سەرچاوە ئاوییەکانی پارێزگا سەرەکییەکانی ئەفغانستان وشک بوون و نزیکەی ٨٠٪ی دانیشتووان پشت بە ئاوی خواردنەوەی ناپارێزراو دەبەستن.

 

یونیسێف جەختیشی لەوە کردەوە، کە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، لەوانەش وشکەساڵی، لافاوی خێرا و بوومەلەرزە، مەترسی ڕاستەوخۆ لەسەر تەندروستی و خۆراک و گەشەکردنی جەستەیی و زانیاری منداڵانی ئەفغانستان دروست دەکات، بۆیە ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزدا ڕایگەیاند، کە وشکەساڵی لە باکوور و باکووری ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان چڕبووەتەوە، بە تەواوی بڵاوبووەتەوە و قەیرانی مرۆیی زیاتر کردووە.