یونیسێف: ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار منداڵی بەدخۆراک لە نێجیریا هەن

یونیسێف ئاماژە بەوەدەکات، زیاتر لە دوو ملیۆن منداڵ لە نێجیریا پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەیە، بەتایبەتی دوای کودەتاکە.

 

ناوەندی هەواڵ- هێرشەکانی نێجیریا دوای کودەتاکە کە لەلایەن سوپاوە ئەنجامدرا بۆ ڕووخاندنی سەرۆکی نێجیریا بارودۆخی وڵاتەکەی خراپتر کردووە و کاریگەری لەسەر هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە بەتایبەتی منداڵان کردووە.

سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونسێف" لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، زیاتر لە دوو ملیۆن منداڵ بەهۆی قەیرانی نێجیریاوە زیانیان بەرکەوتووە و پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی بەپەلە هەیە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمساڵ، ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار منداڵی خوار تەمەن ٥ ساڵ بە بەدخۆراکیەوە دەناڵێنن، لەوانە بەلایەنی کەمەوە ٤٣٠ هەزار منداڵ کە بەدەست کوشندەترین شێوەکانی بەدخۆراکی دەناڵێنن.

بەگوێرەی ڕێکخراوەکە، ئەم ژمارەیە لەوانەیە بەرزببێتەوە ئەگەر نرخی خۆراک بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە، بەتایبەتی دوای خراپبوونی بارودۆخی ئابووری خێزانەکان و ئاگادارکردنەوە لە بڕینی کارەبا و سزاکانی کۆمەڵگەی ئابووری وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەفریقا (ECOWAS).

نێجیریا یەکێکە لە هەژارترین وڵاتەکانی جیهان و لە ڕووی ئابوورییەوە پشت بە وڵاتانی بیانی دەبەستێت و ئابوورییەکەی خراپتر بووە بەهۆی هێرشەکانی گروپە جیهادییەکان لە ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژهەڵات.