یونیسێف: لە لوبنان لە هەر ٢٤ کاتژمێردا ١١ منداڵ دەکوژرێن

سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی منداڵ لە زیادبووندایە، ئەوەش پشتڕاستیکردەوە کە ڕۆژانە ١١ منداڵ لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا دەکوژرێن و بریندار دەبن.

ناوەندی هەواڵ

 

منداڵان لە لوبنان بەهۆی بەردەوامی جەنگ و ململانێکانەوە ڕووبەڕووی لێکەوتەی جددی دەبنەوە. ئازارەکانیان بەهۆی ئاوارەبوون و لەدەستدانی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی برینداربوون زیاتر دەبێت، هەروەها ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری دەدەن لە تێکچوونی دۆخی مرۆیی لەو ناوچانەی کە بەهۆی شەڕەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.

 

"هەر ٢٤ کاتژمێر جارێک ١١ منداڵ دەکوژرێن"

ئەمڕۆ سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) ڕێژەیەکی مەترسیداری کوژرانی منداڵانی لە لوبنان ئاشکرا کرد لە نێوان هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل. ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا، ١١ منداڵ لە لوبنان بە ڕێژەی نیوە لە هەر ٢٤ کاتژمێرێکدا کوژراون یان بریندار بوون. واتە هەر دوو کاتژمێر جارێک منداڵێک دەکوژرێت.

 

"شەپۆلی ئاوارەبوون و ژمارەی مردن زیادی کردووە"

سوپای ئیسرائیل لەم دواییانەدا هێرشەکانی بۆ سەر خاکی لوبنان چڕتر کردووەتەوە. لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە لە ٢ی ئادارەوە هەزاران کەس کوژراون و بریندار بوون، هەروەها سەدان هەزار دانیشتووی ئەو وڵاتە بەهۆی فەرمانی سوپای ئیسرائیل بۆ چۆڵکردنی شارە دانیشتووەکان ئاوارە بوون.

 

دوای دوو ڕۆژ لە شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێران و تیرۆرکردنی عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران، حزبوڵا هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و لوبنان چووە ناو شەڕەکەوە.

 

سەرەڕای ئاگربەست شەڕ بەردەوامە

ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل جارێکی دیکە هێرشەکانیان نوێکردەوە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشووری ئەو وڵاتە، کە زیاتر لە ناوچەکانی دیکە دەکرێنە ئامانج.

 

لە ١٧ی نیساندا ئاگربەست دامەزرا و دواتر درێژکرایەوە، بەڵام هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوامن و توندتر دەبن و ڕۆژانە ماڵوێرانی لێدەکەوێتەوە.