"ئەو شەقەی هەڵدرا بۆ سەری هەموو خوێندکاران بوو"
"بۆ نایدەن مافی خوێندکار، وەزارەتی گەندەڵکار" دروشمی چوارەم رۆژی خۆپیشاندەرانی خویندکاران بوو لە بەردەم زانکۆی هەڵەبجە.
هەڵەبجە
خوێندکارانی زانکۆی هەڵەبجە بۆ ڕؤژی چوارەم گردبوونەوە و بە وتنەوەی دروشم داوای مافەکانیان دەکەن، گلێنە عوسمان خوێندکاری کۆتا قۆناغی بەشی مێژووی زانکۆی هەڵەبجەیە، ئاماژەی بەوەدا کە ماوەی دوو ڕۆژە بەشداری خۆپیشاندانەکان بووە " خوێندکار هەیە ئەگەر هاوکارییان نەکەین جل نییە لەبەریبکات، خۆمان کۆتا قۆناغمانە بەڵام خەمی خوێندکارانی دوای خۆیانە".
ئەو خوێندکارە ئاماژەی بەوەدا "ئەو شەقەی بەر سەری خوێندکارەکە کەوت لە سلێمانی بەر سەری هەموو خوێندکاران کەوت، توندوتیژی کارمان تێناکات و بەردەوامین".
زوهرە عەزیز، خوێندکاری بەشی ئینگلیزی زانکۆی هەڵەبجەیە، باس لەوەدەکات کە پێویستە مافەکانیان بۆ گەڕێننەوە لە پێدانی دەرماڵە و گەڕانەوەی مافەکانیان کە لە ساڵی ٢٠١٤ بردراوە، "خۆپیشاندانمان بەردەوام دەبێت و ناچینەوە هۆڵەکانی خوێندن تاوەکو بە ئیمزا و مۆرەوە فەرمانەکان نەیەنە بەردەستمان و مافەکانمان نەدرێت".
زوهرە داوا لە هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش دەکات کە توندوتیژی نەکەن، لە زمانی خۆیانە گوێبیست بووین کە زەکات و خێر بدەنە ئاسایش و پۆلیسەکان چونکە هیچیان نییە، ئەوانیش مافیان خوراوە، لەپێناو چ حکومەت و دەسەڵاتێکدا ئەوە دەکەن".
سێبەر عەزیز، خوێندکاری بەشی پارالێڵە باس لەوەدەکات هەرچەندە بەشە ناوخۆییان نیە و بە پارەش دەخوینن، بەڵام دەنگیان دەخەنە پاڵ خوێندکاران بۆ پێدانی ماف و ئیمتیازاتەکانیان.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی کرد سەبارەت بە چەند پرسێک، یەكێک لەوانە گردبوونەوەی گەنجان و دەرماڵەکانیان بوو، بەپێی بودجەیەک بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا تەرخان دەکرێت بۆ هاوکاری و دابینکرنی پێداویستی بەشە ناوخۆییەکان و هاوکاری کردنی قوتابیانی کەمدەرامەت.
ت.پ