ئەڤین جومعە: پێشێلکاری سیستماتیکی مەترسی لەسەر داهاتووی ژنان و منداڵان لە سووریا دروست دەکات
پێشێلکارییەکان لە دژی ژنان و منداڵان و کۆچبەران لە سووریا پەرەدەسەنن و ئاشکراکردنی ئەو پێشێلکارییانە و پشتیوانیکردنی زیانڵێکەوتووەکان بۆ بونیادنانی دەوڵەتێک لەسەر بنەمای دادپەروەری و شکۆمەندی پێویست دەکات.
نەغم چاچان
قامیشلۆ- ساڵی ٢٠٢٥، ساڵێک کە بە پەرەسەندنی پێشێلکارییەکان و پەرەسەندنی ئاڵەنگاریەکان بەڕێوەچوو، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سووریا وەک یەکەم هێڵی بەرگری بۆ شکۆمەندێ مرۆڤ دەرکەوت، دڵنیایکردەوە کە هیچ سەرپێچییەک بەبێ چارەسەر یان بێ بەڵگەنامە نەمێنێت، هەروەها هیچ کەیسێک بەبێ سەرنج و چارەسەرکردن نەمێنێتەوە.
بە درێژایی ساڵی ٢٠٢٥، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سووریا خەریکی ڕێوشوێنی یاسایی و چالاکی داکۆکیکردن و هەڵمەتی هۆشیاری بۆ پاراستنی مافەکان بوو، کە کار دەکات بۆ بەڵگەنامەکردنی تاوانەکان، کۆکردنەوەی شایەتحاڵەکان و پێشکەشکردنی پشتیوانی بۆ زیانڵێکەوتووەکان، هەموو ئەمانە لە چوارچێوەی ئەو ڕاستیە ئاڵۆزەن کە قەیرانە سیاسی و مرۆییە یەک لە دوای یەکەکان سەپاندویانە.
ڕێکخراوەکە لە ڕێگەی ڕاپۆرتە وەرزییەکانی و دۆسیە یاساییەکان و چالاکییە میدیاییەکانەوە هەوڵیدا ڕاستییەکان ئاشکرا بکات و بیگەیەنێتە بۆچونی گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان، پابەندبوونی نەگۆڕی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پێشێلکارییەکان و بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ لە ژێر سەختترین هەلومەرجدا دووپاتکردەوە.
جەختی لەوە کردەوە، کە بێدەنگی لە بەرامبەر پێشێلکارییەکان هاوبەشی پێکدەهێنێت، سەرەڕای بچووکبوونەوەی شوێنی مافەکان و نەبوونی لێپرسینەوە، گروپە مەیدانییەکانی لە کارەکانیاندا خۆڕاگر بوون و مافەکانی ژیان و ئازادی و دادپەروەرییان لە پێشەنگی پێویستیەکانیان دانا.
ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوەکە تەنها پێشکەشکردنی ئامارەکان نەبوو، بەڵکو شایەتحاڵییەکی بەڵگەدار بوو بۆ ڕاستی مافەکانی مرۆڤ کە پێویستی بە پاراستنی بەردەوام هەیە، ئەمەش پەیامێکی ڕوونە کە بەرگریکردن لە مافەکان ئەرکێکی کاتی نییە، بەڵکو ئەرکێکی ڕەوشتی و یاسایی بەردەوامە کە کۆتایی نازانێت، ئەڤین جومعە، کارگێڕی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە سووریا، وتی: چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥دا، ئیرادەی خۆی بەرجەستە کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پێشێلکارییەکان و ئاشکراکردنی ڕاستییەکان، هەروەها کاری مافی مرۆڤ وەک ئەرکێکی نەگۆڕ دەمێنێتەوە، هەرچەندە ئاڵەنگارییەکان چەندە گەورەبن.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشێلکارییە بەردەوامەکانی مافەکانی مرۆڤ کە زیاتر لە ۱٤ ساڵ ئەنجامی پەرەسەندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا بەردەوامە، هێشتا بە شێوەیەکی سیستماتیکی بەڵگەنامە دەکرێن، تیشکی خستە سەر سەختی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئەو توندوتیژیەی کە دانیشتووان بەرگەیان گرتووە، وتی: کاردانەوەکانی ململانێکان لە سووریا کاریگەرییان لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیان هەبووە، چاودێریکردنی دۆخی ئەو ژنان و منداڵانەش کە بەهۆی شەڕەوە تووشی پێشێلکارییەکی قورس بوون، یەکێک بووە لە قورسترین ئەرکەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی سووریا ئاڵەنگاریەکی بەرچاو ڕوویداوە، بەو پێیەی سووریا شایەتی شەپۆلێکی بەرفراوانی هێرشەکانی دژ بە دانیشتووانی سووریای بەخۆیەوە بینی، هەروەها یاسای نوێ دەرچوو، زۆرجار پێچەوانەی ماف و پێگەی ژنان بوو، ئەو لیژنانەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونیان بۆ هێرشەکانی دەرعا، سوەیدا و حومس کردووە، ڕاستی گرنگیان سەبارەت بە ڕادەی پێشێلکارییەکان ئاشکرا کردووە.
ڕوونیشیکردەوە، پرسەکانی وەک پێوەرەکانی خۆبەڕێوەبەری لە یاسادانان، ئەوەی بەدەست هاتووە، چی بە ناتەواوی ماوەتەوە، لە ڕێگەی سیمینار و دیالۆگەوە گفتوگۆ کران و بەردەوام پێشکەش بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کران لە هەوڵێکدا بۆ پێشخستنی چاکسازی یاسایی و مافەکانی مرۆڤ.
ئەڤین جومعە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، کە قەبارەی پێشێلکارییەکان لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥دا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، کە ١٧٤ کەیسی مردنی بەڵگەدار کردووە کە ٢٠ کەسیان لە ناوچەی عەفرینی داگیرکراون، توندوتیژی و پێکدادانەکانیش بووەتە هۆی برینداربوونی ١٥٦ کەس، کە بەشێکی زۆریان هێشتا مەترسی مردنیان لەسەرە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێکخراوەکە ١٧٥ کەیسی دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنیان تۆمارکردووە، کە ١١ ژن و دوو منداڵیان تێدایە، جگە لە ١٦٨ ڕووداوی دیکەی پەیوەست بە پێشێلکارییەکانی عەفری، وتی: نزیکەی ٦٠٠ دەستگیرکراو هەن لە زیندانەکانەوە کە لەلایەن گروپە جیهادییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن بۆ زیندانەکانی راعی و حوار کڵس گواستراونەتەوە، لە ژێر بارودۆخێکی سەختدا کە ڕەنگدانەوەی ڕادەی تێکچوونی مافەکانی مرۆڤە لە ناوچەکەدا.
باسی لە ڕاپۆرتی پێشێلکارییەکانی دژی کۆچبەران کرد و ڕوونیکردەوە، کە بەردەوامن، کامپەکانی وەک ڕۆژ و هۆل کە ژمارەیەکی زۆر خێزانی داعشی تێدایە، ئەمەش ئازارەکانی دانیشتووان زیاتر دەکات و ئەو هاوکاریانەی کە پێشکەشیان دەکرێت سنووردار دەکات، وتی: خۆبەڕێوبەری شوێنی نیشتەجێبوونی بۆ دابینکردوون، لەکاتێکدا هەندێک ڕێکخراوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هەوڵدەدەن پێداویستییە سەرەتاییەکانیان دابینبکەن، منداڵانی ئەو کەمپانە لەلایەن هەندێک خێزانەوە تووشی دەستدرێژی قورس دەبن، ئایدۆلۆژیای توندڕەوی بە زۆر بەسەریاندا دەسەپێنرێت، وڵاتانی پەیوەندیدار ڕەتیدەکەنەوە وەریانبگرنەوە، ئەمەش دۆخی مرۆیی ئەوان زیاتر ئاڵۆزتر دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر سکاڵا وەربگیرێت، ئەوا پێشکەش دەکرێت و لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانی زیندانەکاندا هاوبەش دەکرێت بۆ ئەوەی دڵنیابن لە چوارچێوەی یاسایی و مافەکانی مرۆڤدا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
ئەڤین جومعە جەختی لەوە کردەوە، کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ گرنگییەکی تایبەتی بە دۆخی ژنان داوە و چاودێریکردنی بارودۆخەکانیان بە چڕی بەردەوامە، ژنان تووشی زیادبوونی توندوتیژی کۆمەڵایەتی دەبن، ڕێکخراوەکەش بە هاوکاری لەگەڵ دامودەزگاکانی مافی ژنان کاریان کردووە بۆ چاودێریکردنی ئەو پێشێلکارییانە، جگە لە دەستپێکردنی هەڵمەتی هۆشیاری بەرفراوان و پێشکەشکردنی پاڵپشتیی دەروونی بۆ ژمارەیەک ڕێکخراوی ژنان.
ئاشکراشی کرد کە ژمارەیەکی زۆر لە کەیسەکانی ئەو ژنانەی کە بەهۆی بارودۆخی سەختەوە کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە و بەڵگەیان لەسەر کراوە، هەروەها پێشێلکاری یاسایی، بەدی کراوە کە کاریگەری لەسەر مافەکانی ژنان هەیە و پێچەوانەی ڕێککەوتننامەکانی نێوان سووریا و نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کراوە، وتی: قسەی ڕق و کینە لە دژی ژنان کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بڵاوبووەتەوە، جێگەی سەرنجی سەرەکی کارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ بووە.
جەختی لەوە کردەوە، کە بەهێزکردنی ژنان و منداڵان بۆ بەرگریکردن لە مافەکانیان پێویستی بە هاوکاری لەگەڵ خۆبەڕێوبەری و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە، ئەم هەوڵانە بووە هۆی دەرکردنی یاسای تاوانە ئەلیکترۆنییەکان لەلایەن خۆبەرێوبەریەوە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ چارەسەرکردنی پێشێلکارییە دیجیتاڵییەکان و پاراستنی مافەکان.
ڕوونیکردەوە، کە ڕێکخراوەکە لە نزیکەوە چاودێری ئەو حاڵەتە بەڵگەنامەییانەی کردووە، وتی: کارەکە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامدراوە کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەندکراون، هەروەها خولی پەرەروەردەی تایبەتمەند پێشکەشکرا بۆ بەرزکردنەوەی شارەزایی گروپەکانی کارکردن.
دووپاتی کردەوە، کە ئەو شایەتحاڵانەی لە بەڵگەنامەکاندا بەکارهێنراون لە زیانڵێکەوتووە ڕاستەوخۆکان یان شایەتحاڵانی ڕووداوەکانەوە هاتووە، لە ناوچە سەختەکاندا، ڕێکخراوەکە پشتی بە شایەتحاڵ ئەو کەسانە دەبەست کە هەڵاتبوون، وتی: هەر ڕووداوێک کە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت دۆسیەی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵگەنامەکان تەنها بە ڕەوای دادەنرێت لەگەڵ دوو شایەتحاڵ بۆ دڵنیابوون لە متمانەپێکردن، ڕێکخراوەکە بەردەوامە لە چاودێریکردنی پێکهاتەکان بە بەردەوامی و هەواڵ و ڕاپۆرتی نوێ بڵاودەکاتەوە، ئەمەش وەک بەشێک لە پابەندبوونی خۆی بە ئاشکراکردنی ڕاستییەکان و بەڵگەنامەکردنی سیستماتیکی پێشێلکارییەکان.
ئەڤین جومعە ئاماژەی بەوەدا، کە قەبارەی سەرپێچیەکان لە ساڵی ٢٠٢٥ زیاتر بووە لە ساڵانی ڕابردوو و ڕانەوەستاون، بەڵکو ساڵ لە دوای ساڵ زیادی کردووە، وتیشی: دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، شێوازی نوێی پێشێلکاری سەریان هەڵدا، لەکاتێکدا هیوایەک هەبوو بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنەکان، بەڵام کردنەوەی زیندانەکان بەشێوەیەکی ناڕێکخراو ئەنجامدرا، ئەمەش گومانی زۆری لێکەوتەوە و بووە هۆی بەردەوامبوونی دیارنەمانی ژمارەیەکی زۆر خەڵک، جگە لەوەش لەدەستدانی بەشێکی زۆری بەڵگەنامەکان ئاستەنگێکی بەرچاوی لێکەوتەوە بۆ هەوڵەکانی دادپەروەری.
جەختی لەوەش کردەوە، کە ماوەی دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو نوێنەرایەتی سەرەتایەکی نوێ دەکات بەڵام کاتی، چونکە پێویستی بەپەلە سەریهەڵدا بۆ دامەزراندنی دادگای سەربەخۆ کە توانای پێداچوونەوەی بە کەیسەکانی ئێستای هەبێت، هەوڵەکان بۆ کردنەوەی ئەم دۆسیانە ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو بوونەتەوە، بەو پێیەی دەسەڵاتی دادوەری ئاستەنگیان لەسەر بوو، تا ئەمڕۆش بابەتە یاساییەکان بە ناڕوونی و ڕوون نەبوونییەوە پۆشراون.
پێی وایە خۆبەرێوبەری پاڵپشتییەکی بەرجەستەی پێشکەش بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ کردووە، لەکاتێکدا ئاڵەنگاری ڕاستی لە یاساکانی حکومەتی کاتی سووریادا هەیە، جگە لە بەردەوامی دەستوەردان لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، بەپێی دەستوور بڕیارە دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ بێت، بەڵام دانانی دادوەر لەلایەن سەرۆکی کاتییەوە گومانی لەسەر ئەم سەربەخۆییە دروستکردووە.
دووپاتی کردەوە، کە خۆبەرێوبەری هاوبەشێکی سەرەکییە لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی ڕێکخراوەکە، بەڵام ئاستەنگەکان لەناو سووریادا بەردەوامن بەهۆی لاوازی دانپێدانان بە گرنگی بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکان، هەروەها بەڵگەنامەسازی پایەیەکی بنەڕەتییە، بەتایبەتی دوای چواردە ساڵ لە جەنگ کە پێشێلکردنی ئەو هەموو مافانەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشێلکارییەکان کە ژنان و منداڵان دەکەنە ئامانج بە تایبەتی بەڵگە دەکرێن، زۆر گرنگە کاربکرێت بۆ وەستاندنیان، لە هەمان کاتدا دڵنیابوون لە پشتیوانی تەواو بۆ زیانڵێکەوتووەکان و هاوکاریکردنیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو بارودۆخە سەختەی کە تێیدا دەژین.
جەختیشی لە ڕۆڵی سەرەکی میدیا لە بەرگریکردن لە مافەکاندا کردەوە و ڕایگەیاند، کە نوێنەرایەتی دەنگی ڕاستەقینەی خەڵک دەکات، میدیا قەڵغانی دووەمی پاراستنی کۆمەڵگەیە، دەنگی خەڵکە، کە دەبێت ئازاد و نەشێواوی بمێنێتەوە.
لە کۆتاییدا ئەڤین جومعە داوای لە هەموو لایەک کرد بێدەنگ نەبن و بێدەنگی بشکێنن و ئەو پێشێلکاریانەی ئەنجام دراون ئاشکرا بکەن، ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی ساڵانەی هاوبەش وەک هەنگاوی یەکەم بۆ بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتیک لەسەر بنەمای مافەکان زۆر گرنگە.