ئێستا کاتی هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانییە

دادگای دووی تێهەڵچوونەوەی هەولێر، کۆتا ڕێگای یاسایی بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی بادینان لە پارێزارانی کەیسەکە داخست، ئێستاش کاتی نیشاندانی هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانییە.

ناوەندی هەواڵ

 

 

محەمەد عەبدوڵا، پارێزەری کەیسی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی بادینان ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، لەلایەن ئەو دەستەیەی پێشتر بڕیاری شەش ساڵ زیندانی بۆ ئەو پێنج چالاکوان و ڕۆژنامەنووسە دیاریکردبوو، هەمان بڕیار بەسەر ئەو پێنج کەسەدا سەپێندرایەوە.

 

لە کاتێکدایە بڕیاری شەش ساڵ زیندانی بۆ ئەو پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاکوانە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا و بەڕیتانیا لەگەڵ چەند تۆمەتێکی دیکەدا دەرکرا، چەندین کاردانەوەی ناوخۆی و جیهانی لێکەوتووە، باڵیۆزخانەکان و ڕێکخراوە جیهانییەکان ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر ئەو بڕیارەی دادگای پێداچوونەوەی هەولێر دەربڕی.

 

سەرباری ئەو ناڕەزایەتییانە و کاردانەوەی هاوڵاتیانی کوردستان، وە ئەنجامدانی کۆتا ڕێگای یاسایی بەرامبەر بەو کەیسە لەلایەن پارێزەرانی کەیسەکەوە، کە ئەنجامدانی ڕاستکردنەوەی بڕیاری پێداچوونەوەیە، بەڵام لەلایەن هەمان دەستە لە دادوەرانی پێشتر، سزاکە وەک خۆی مایەوە، تەنها ئەو بەشە لە دۆسیەکەدا لابراوە، کە باسی سیخوڕیکردنی ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانە بۆ باڵیۆزخانەکان دەکات.

 

لە ئێستادا ئیتر هیچ ڕێگایەکی یاسایی لەبەردەم دۆسیەکەدا نەماوە تا بتواندرێت جارێکی دیکە پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکرێت، تەنها چارەسەر نواندنی هەڵوێستێکە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، چونکە لە ئێستادا تەنها سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت لێبوردنی تایبەت دەربکات، ئەمەش وادەکات کە ئێستا هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی نیشاندانی هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانی بن.

 

لە ڕۆژی شەشی ئەم مانگەدا سەرۆکایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان بڕیاری دادگای تاوانەکانی هەولێری بۆ سزادانی شەش ساڵ بۆ پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینان بە پێی یاسای ژمارەی ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ تایبەت بە هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی پەسەند کرد، هەرچەندە دوای ئەو پەسەندکردنە پارێزەران داوای ڕاستکردنەوەی دادگای پێداچوونەوەیان کرد، بەڵام ئەمڕۆ جارێکی دیکە هەمان بڕیار دەرچووەوە، ئەو ماوەی پێشتریش لە زیندان تا کاتی کۆتایی هاتنی دادگاکە بۆیان ئەژمار دەکرێت.

 

جگە لەو پێنج چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانە، بڕیارە لە ڕۆژی پێنجی مانگی تەمووزدا دادگای پێنج چالاکوانی دیکەش بکرێت، لە ڕۆژی ١٢ی مانگیش دادگایی چوار چالاکوانی دیکە دەکرێت، لە ١٧ مانگی ئابدا دادگای مامۆستا بەدەل بەرواری دەکرێت، سەرباری ئەوەی هێشتا کەیسی ٣٥ چالاکوانی دیکەش لە ئاسایشدا هەن، لە بەرامبەر دوو کەیسی جیاوازدا، دادگای کەتنی دهۆک سزای ساڵێک زیندانیی بەسەر ڕۆژنامەنووس و چالاکوان ‘ئومێد بەرۆشکی’دا سەپاند.

 

ت.پ