یەرەژە: پێویستە دەوڵەتی تورک لەبەرامبەر هێرشە قڕکارییەکانیدا دادگایی بکرێت
یەرەژە ڕایگەیاند، تا لە کوردستاندا هەناسەی کوردەواری و ئازادیی هەبێت، تا ڕێبوارێکی ڕێگەی چاپەمەنی ژنی ئازاد مابێت، ئاڵای ڕاگەیاندنی ژنی ئازاد شەکاوەتر دەبێت و پێویستە دەوڵەتی تورک لەبەرامبەر هێرشە قڕکارییەکانیدا دادگایی بکرێت.
ناوەندی هەواڵ
یەکێتی ڕاگەیاندنی ژن "یەرەژە" سەبارەت بە هێرشەکانی دوێنێی سەر ڕۆژنامەنووسان لە شاری سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ناوەندی چاند و هونەری محەمەد شێخۆ لە قامیشلۆ، بە ئامادەبوونی خەباتکارانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنوووسان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامدا.
ڕاگەیەندراوەکە بە زمانی کوردی لەلایەن هەبوون عومەرەوە ئەندامی یەرەژەوە خوێندرایەوە و تێدا هێرشەکەی سەر ڕۆژنامەنووسان هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا شەرمەزارکرا، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هەردوو شەهید کرا و هیوای چارەسەری بۆ خەباتکاری ڕۆژنامەوان ڕێبین خواسترا.
لە سەرەتای ڕاگەیەندراوەکەدا هەبوون ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەتی تورک بە مێژووی خۆی لەدژی ڕۆژنامەنووسان بووە، بۆ شاردنەوەی تاوانەکانی هەمیشە دەستی هەبوو لە کوشتنی ڕۆنامەنووساندا، شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بە هەمان ئامانج بووە، ئەم هێرشانەش هاوکاتە لەگەڵ ڕێکەوتنەکانی دەوڵەتی تورک و حکومەتی عێراقی و سیخوڕی پەدەکە، بۆیە ئەم هێزانە لە کوشتی ڕۆژنامەوانان بە بەرپرسیار دەبینین، پێویستە دەوڵەتی تورک لەبەرامبەر هێرشە قڕکارییەکانیدا دادگایی بکرێت.
هەروەها ڕاشیگەیاند، بانگەوازی لە ڕای گشتی گەلی کوردستان و جیهان دەکەین بەرامبەر ئەم ڕووداوانە بێدەنگ نەبن، تا لە کوردستاندا هەناسەی کوردەواری و ئازادی هەبێ، تا رێبوارێکی ڕێگەی چاپەمەنی ژنی ئازاد مابێت، ئاڵای ڕاگەیاندنی ژنی ئازاد شەکاوەتر دەبێت، وەک ڕۆژنامەوانانی ئازاد درێژە بە تێکۆشانی راگەیاندنی ئازاد دەدەین.”
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا لە کەسێتی هەردوو شەهیدی ڕۆژنامەنووس گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین دا یادی هەموو شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد بەرزڕاگیراوە و کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەیان بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” کۆتایهات.