ئێران... ژنان لە بەردەم هاوڵاتیاندا کوژران و لە بێدەنگیدا نێژران
کاتێک هێڵی نێوان "پیاوایەتی" و "تاوان" لە هالۆیەکی داب و نەریت و یاسادا کاڵ دەبێتەوە، پرسیارێک دێتە پێشەوە،کۆمەڵگەیەک چی لەبیری دەبێت لەبارەی ژنێکەوە کە پێش مردنی هەرگیز هاوارەکانی نەبیستراوە؟

نەسیم ئەحمەدی
کرماشان-لە لەبیرکراوترین بەشەکانی گۆڕستانەکاندا، کە بەردی گۆڕ و مەزارگەیەکی گرانبەهای تێدا نییە، تەرمی نەناسراو دەنێژرێن، قوربانیی ئەو ئاڵای شەرەفە خوێناوییەی کە لە خێزانەکەدا هەڵگیراوە.
لە گۆڕە چۆڵەکاندا ژنان بە زیندووی دەنێژرێن، تاکە تاوانیان ئەوەیە بە ژن لەدایک بووە. ڕای گشتی و یاسا بکوژەکان دەکاتە پاڵەوان، بۆیە پێویست بە ئامار و سەرچاوەی زانیاری ناکات. سەدان ژن لە سەرانسەری ئێران بە ترسناکترین شێوە لە لایەن برا و باوک و هاوژینەکانیانەوە بە ناوی شەرەفەوە دەکوژرێن.
بەهۆی نەبوونی یاسای توند لەم بارەیەوە، پشتیوانی بۆچوونی گشتی، بکوژەکان نەک هەر دادگایی ناکرێن بەڵکو ستایش دەکرێن لە کۆمەڵگەیەکدا کە یاسای پیاوسالاری زاڵ بووە، پیاوان هەموو هێڵە سوورەکان و سنوورەکان دادەنێن. هەرکاتێک ژنێک یاسا پێشێل بکات، پیاو ڕێگە بە خۆی دەدات دادگایی بکاێت. ئەم دادگاییکردنانە بەزۆری چرکەساتی دەبن و کوشتنەکان لە دڕندەیی خۆیاندا ترسناکن.
ڕازیە ئەحمەدی کە ناوێکی خوازراوە، هاوڵاتی پارێزگای کرماشان، چیرۆکی کوشتنی ژنێکی بەم شێوەیە گێڕایەوە: نووشین کچێکی دڵسۆز و ڕوخسار جوان بوو، کەمێک پرسی دەروونی هەبوو. لەناکاو تووشی دوژمنایەتی بوو. ڕۆژێک، بە ئازارێکی سەختی سکی بردیانە نەخۆشخانە. بەداخەوە دەرکەوت دووگیان بووە، کەسیش نەدەیزانی باوکی منداڵەکە کێیە.لەگەڵ تەشەنەکردنی چیرۆکەکەدا، دەنگۆکان بڵاودەبوونەوە، خێزانەکەی دایان نا کەئەم کارەیان شەرمەزاریە بە تەواوی ژیانی لەگەلێان دەبێت، بۆیە شەوێک، مامی و ئامۆزاکەی، باوکی و براکەی لێیاندا تا مرد، ژەهراوییان کرد، هەر لەو شەوەدا وتیان کە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، بەبێ ئەوەی تەنانەت بشۆردرێت یان نە کفن بکرێت، بەخاک سپێردرا. خوشکەکەی نووشین ساڵێک پێشتر ئاگری لە خۆی بەردابوو، بەڵام دوای مردنی نووشین هەمووان دڵنیا بوون کە ئەویش کوژراوە.
زۆرترین ڕێژەی دەستدرێژی سێکسی و دەستدرێژی لەلایەن کەسوکارەوە ئەنجام دەدرێت، لە چیرۆکی ژیانی نووشینیشدا بەدوور نازانرێت دەستدرێژیکارەکە یەکێک بووبێت لە بکوژەکانی، بۆ ئەوەی هیچ شوێنەواری ئەو تاوانە بەجێنەهێڵێت کە ئەنجامی داوە.
نەوال سەعداوی،پزیشک و نووسەر لە پەرتووکەکەیدا بە ناوی "ڕووی ڕووتی ژنە عەرەبەکە" وتی:لە کۆمەڵگەی ئێمەدا مەترسی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچان واقیعێکی قبوڵکراوە، تاکە شتێک کە دەتوانرێت بخرێتە ژێر پرسیارەوە توندییەتی، کچانی خوار تەمەنی حەوت ساڵ زۆرجار لە مەترسی دەستدرێژی سێکسی لەلایەن گەنجان یان گەورەساڵانی ناو خێزانەکەوە، یان لەلایەن خزمەتکار و دەرگاوانەکانەوە بێبەرامبەر نین. بەرزی کارەساتی ئەم ڕووداوانە کاتێکە کە دەستدرێژکارەکە نەک هەر ڕەتیدەکاتەوە پشتگیری لە قوربانییەکەی بکات، بەڵکو هەندێکجار بەشداری دەکات لە دیاریکردنی سزاکەی، تەنانەت لە جێبەجێکردنیدا بە واتایەکی تر، هەوڵدەدات هەر گومانێک بە خۆنمایشکردنی ئیرەیی و خەمی شەرەفی خێزانەکە دوور بخاتەوە.
هۆکاری ئەوەی پیاوان بوێری دەستدرێژی و کوشتنیان هەیە، ئەوەیە کە یاساکان ڕێگەیان بۆ خۆش کرد. ئەگەر یاساکانیش لەبەرچاو نەگرین، بەهۆی ئەو کولتوورە باوەی لە کۆمەڵگەدا هەیە، پیاوانی بنەماڵە دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە بڕیاری کوشتنی ژنانی دەوروبەریان بدەن. لە چیرۆکی ژیانی نووشیندا ئەوەی لە هەموو بەڵگەیەکی تر ڕوونترە ئەوەیە کە دەستدرێژیکارەکە بە دڵنیاییەوە یەکێک بووە لە خزمەکانی، ڕەنگە لە شەوی کوشتنیدا ئامادە بووبێت. دوو کچی ئەم بنەماڵەیە کوژراون، یەکێکیان بە سووتاندن و ئەوی دیکەیان بە ژەهراویکردن. نەک هەر بکوژەکان سزا نەدرابوون، بەڵکو هاوڵاتیان لە چیرۆکەکانیاندا وەک نموونەی سوارچاکی و پیاوەتی باسیان دەکرد.
بینەری بێدەنگ و کۆمەڵگەیەک کە گوێی لە هاواریان نەبێت
ڕازیە ئەحمەدی چیرۆکی نووشین دەگێڕێتەوە، واتە ئاگاداری ئەشکەنجە و مردنی بووە وتی: بە دڵنیاییەوە زۆر کەسی تر گوێیان لە هاوارەکانی بوو، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان بوو، کەس نەیوێرا کوشتنی ڕابگرێت، هەرچەندە ئەوان بەتەواوی کۆنترۆڵی دۆخەکەیان کردبوو، دەیانزانی نووشین ئەشکەنجە دەدرێت و خەریکە دەمرێت. لە ڕاستیدا ئەوەی لەم بکوژ و دەستدرێژکارانە ترسناکترە، ئەوانەن کە ڕەنگە لە ڕووی دەرەوە هاوسۆزی کوشتنی ئەم کچانە بن، بەڵام لە قووڵایی دڵیاندا، ئەوان بە شایستەی هیچی تر نازانن جگە لە مردن.
بەڕاستی شەرەف لە ئێراندا لە سەرووی مرۆڤایەتییەوە بەهای هەیە، هەر شتێک کە شەرەف و پێگەی بنەماڵەیەک بپارێزێت، تەنانەت لە ژیانی ئەندامەکانیشی بەنرخترە. بۆیە کاتێک کچێک لە خێزانێکدا بە هەڕەشە بۆ سەر شەرەف دادەنرێت، پیاوانی ئەو خێزانە دەتوانن سزای لەسێدارەدانی بۆ دەربکەن.
دادپەروەری پیاوان: دادپەروەری لەسەر بنەمای شەرەف نەک مرۆڤایەتی
لەیلا فاتمی کە ناوێکی خوازراوە، خوێندکاری یاسا، سەبارەت بە دادگاییکردنی کوشتنی شەرەف وتی: جێگەی سەرنجە بزانین کوشتنی شەرەف لەلایەن زیندانییەکانی دیکەوە، بەتایبەتی ئەوانەی ژنەکانیان دەکوژن، ڕێزێکی زۆریان لێدەگیرێت. لە زیندانەکاندا وەک هێمای ئازایەتی و پیاوەتی ستایشی دەکرێن. سیستمە باوەکانی وڵات، لەسەر بنەمای یاساکانی ئێستا، ئاسانکارییان بۆ کوشتنی ژنان کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی یاسا و ڕێساکان، ئەگەر باوکێک منداڵە کچەکەی بکوژێت، هیچ تۆڵەکردنەوەیەک نییە، لەکاتێکدا ئەگەر دایکەکە کوشتن ئەنجام بدات، سزاکەی لەسێدارەدان، ئەم بابەتە، سزای نەرم و نیان بۆ پیاوان بەراورد بە ژنان بۆ هەمان تاوان، وایکردووە زۆرێک لە باوکان ئازایەتی بۆ کوشتنی منداڵە کچەکانیان بانگهێشت بکن، لەلایەکی دیکەوە، بەپێی یاساکان، ئەگەر برایەک خوشکەکەی بکوژێت، بە ڕەزامەندی دایک و باوک، سزا نادرێت لە زۆربەی کەیسەکانی کوشتنی شەرەفدا کە خوشکەکە لەلایەن براکەیەوە دەکوژرێت، پشتگیری و ڕەزامەندی باوکەکە هیچ بوارێک بۆ سزادان بۆ بکوژەکە ناهێڵێتەوە، لە کۆتاییدا، ئازادانە لە ژیانی خۆی بەردەوام بێت.
نیشاندانی دەسەڵات لە ڕێگەی کوشتن واتە پیاو بە خوێنی ژنێک خاکی خۆی بپارێزێت
لە کۆمەڵگە مرۆڤایەتییەکاندا، زۆرێک لە پیاوان هەوڵ دەدەن دەسەڵاتی خۆیان لە ڕێگەی توندوتیژی و دڕندەیی و کوشتن نیشان بدەن، بە خراپ بەکارهێنانی ڕەگەزی بەرامبەر، سەروەری خۆیان بەسەر خاکەکانیاندا جێگیر دەکەن، وەک کوشتنی خوشک، ژن، دایکی، خۆشەویستەکەیان و هتد. پێشتر باسمان لەوە کرد کە هەوڵەکانی بۆ سەلماندنی دەسەڵاتی خۆی لە هاندانی ڕەگەزی خۆیەوە سەرچاوە دەگرێت. زۆرجار پیاوان ژنانی چواردەوریان دەکوژن بۆ ئەوەی لەبەردەم کەسانی تردا شەرم نەکەن، وە بۆئەوەی گەورەیی پیاوسالاری و هێزی پیاوسالاری خۆیان نەخەنە ژێر پرسیارەوە.
وتی: زۆرێک لە ژنان بە چەقۆ و شکانی جۆراوجۆرەوە خەوێندراون بۆ نەخۆشخانە، بەڵام خراپترین شت کە تا ئێستا بینیومە، کچێکی تەمەن ١٦ ساڵ بوو کە بە نیشانەی خنکانەوە هێنرایە نەخۆشخانە، خێزانەکەی وتیان خۆی هەڵواسیوە، بەڵام دەرکەوت کە هاوژینەکەی براکەی هانداوە بۆ ئەوەی بیکوژێت، بەو پێیەی وتوویەتی خوشکەکەت قەحبەیە و دەیەوێت جیاببێتەوە لە پێناو شەرەفەکەتدا خوشکەکەت بوەستێنە.’” نێرگس م.، پەرستار لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی کرماشان، وتی: ەداخەوە براکە بە باڵاپۆشی خوشکەکەی خنکاند، بەڵام دواتر دەرکەوت کە ئەو پیاوە بە ئەنقەست ژنەکەی هانداوە بۆ کوشتنی بە تۆمەتی جۆراوجۆر بۆ ئەوەی بتوانێت هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێکی دیکەدا بکات.
لە چیرۆکی مردنی ئەم ژنەدا، ئەگەر پرسی هاوسەرگیری منداڵەکەی بە لایەکدا جێبهێڵین، دەگەینە شێواندن و هاندان و ستایشی ژمارەیەک پیاو کە ڕۆڵیان لە کوشتنیدا هەبووە. براکە لە ژێر کاریگەری هاندانی زاواکەدا خوشکەکەی دەکوژێت و زاواکەش توانی بە شێواندنی چیرۆکی جیابوونەوەکە و ناوزڕاندنی ئەو دۆخە بە قازانجی خۆی بگۆڕێت. لە کۆتاییدا باوکەکە بەبێ گلەیی ستایشی کوڕەکەی دەکات، وەک پاڵەوانێک لە پاراستنی شەرەف و کەرامەتی بنەماڵەکەدا پێناسەی دەکات. بەڵام ئەوەی لە کۆتاییدا ڕوونە ئەوەیە کە ئەم هەموو دڕندەیی و کوشتنە لە نیشاندانی دەسەڵات لە لایەن سیستەمی پیاوسالارییەوە زیاتر نییە، کە بەبێ بچووکترین بیرکردنەوە، ئامانجی تەنیا پاراستنی هەرێمێکە کە جگە لە کوشتن و سەربڕین هیچی دیکەی تێدا نییە. هەرێمێک کە هەموو گۆشەیەکی سنوورەکانی (دەوڵەت، نەتەوە، بنەماڵە، کۆمەڵگە) پڕ بێت لە تەرمی ئەو ژنانەی کە تەنانەت مافی ئەوەیان نییە دوای مردنیان یادگارییەک بەجێبهێڵن.
کوشتنی ژن دەرئەنجامی بێدەنگی یاسا و بنەماڵە و کۆمەڵگەیە
دووبارە بوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای شەرەف، دەرئەنجامی تێکەڵەیەک لە کەلێنە یاساییەکان، بڵاوبوونەوەی پێکهاتە پیاوسالارییەکان، بێباکی کۆمەڵایەتییە. چارەسەرکردنی ئەم خولە پێویستی بە پێداچوونەوەی ڕاستی بە یاساکان و بەرزکردنەوەی هۆشیاری گشتی و لێپرسینەوەی هەمەلایەنە هەیە. بۆ بەرگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە کارەساتانە، بەشداری چالاکانەی ژنان و پیاوان، چالاکوانی مەدەنی و دامەزراوە یاسایی و کولتوورییەکان زۆر پێویستە.