ئێران سزای ٥ ساڵ زیندانی بەسەر مامۆستایەکدا سەپاند
ڕێکخراوی هەرانا بڵاویکردەوە، ژنێکی مامۆستای زمانی کوردی لەلایەن دادگای سنەوە ئاگادار کراوەتەوە دەبێت خۆی ڕادەستی زیندان بکات و سزای ٥ ساڵ زیندانیی کردنی بەسەردا سەپێندراوە.

ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا سەبارەت بە سزادانی ژنێکی مامۆستای زمانی کوردی لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە بەمجۆرە زانیارییان خستووەتەڕوو.
لە هەواڵەکەدا هاتووە، ژنێکی مامۆستای زمانی کوردی، كە لە هەمانكاتدا چالاکوانێكی مەدەنییە بە ناوی سەروە پوور محەمەدی لەلایەن دادگای شۆڕشی سنە ئاگادار کراوەتەوە، کە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی دەبێت خۆی ڕادەستی زیندان بکات.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ژنە مامۆستایە بە تۆمەتی”پێکهێنانی گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی گشتیی” لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە و دادگای تێهەڵچوونەوە سزای پێنج سااڵ زیندانیی کردنی بەسەردا سەپێندرا.
جێگای ئاماژەیە، لە ٢٩ــی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، سەروە پوورمحەمەدی چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی کۆمەڵەی کۆمەڵایەتی ڕۆشنبیری نۆژین لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە و بە بی فەرمانی دادوەر دەستگیرکرا و گوازرایەوە بۆ سەنتەری چاکسازی شارەکە، لەدوای ١٦ ڕۆژ بە شێوەی کاتی ئازاد کرا، لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ لە دانیشتنی دادگایی کردنەکەی بە پێنج ساڵ زیندانیی کردن سزا درا.