ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەڵک و دامەزراوە مەدەنییەکان وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاشکرایدەکات، دەسەڵاتی ئێران لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەوانە سنە، بە گواستنەوەی سەرباز، چەک، کەرەستە، یان چالاکییە فەرماندەیی و ئەمنییەکان بۆ ناوەندە مەدەنییەکان، ناوچەکە وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، سەبارەت بە بەکارهێنانی ناوەندو شوێنە مەدەنی و گشتییەکانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوە داوە، لە دوای تێکدان و خاپووربوونی بەشێکی زۆر لە پێگە و جێگە سەربازییەکانی ئێران لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا-ئیسرائیل، پاشماوەکانی ئەو جێگە و کەرەستە سەربازییانە، بە گواستنەوەی سەرباز، چەک، کەرەستە، یان چالاکییە فەرماندەیی و ئەمنییەکان بۆ ناوەند مەدەنییەکان، ناوچەکە وەک قەڵغانێکی مرۆیی بۆ خۆپاراستن لە هێرشەکانی ئەمریکا-ئیسرائیل بەکاردەهێنێت، کە پێشێلکاری و مەترسییەکی جددییە لەسەر ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بە بەکارهێنانی بینای پەروەردەیی، پزیشکی، چاودێری، ئایینی، وەرزشی و بینا گشتیەکان دەکەن. بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی سەرچاوەکان و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زانیاری ناتەواو.
سەرەرای داواکاری ڕێکخراوەکە لە کۆتایهێنان لەم سەپاندنە نایاسایانەی ئێران، ئاماژەی بەوەشکردووە، بەکارهێنانی جێگە مەدەنییەکان وەک قەڵغانی مرۆیی، جۆرێکە لە ئەنجامدانی 'تاوانی جەنگیی' لە لایەن ئێرانەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: ئەگەر لێکۆڵینەوەی زیاتر دەریبخات کە خەڵکی مەدەنی بە ئەنقەست لەم دامەزراوانەدا ڕاگیراون بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان یان بۆ پاراستنی هێز و کەرەستەی سەربازی، ئەوا ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە دەتوانێت بکەوێتە ژێر قەدەغەکردنی بەکارهێنانی قەڵغانی مرۆیی و ئەگەر توخمە یاساییە پێویستەکان جێبەجێ بکرێت، دەتوانرێت بە تاوانی جەنگ جێگر بکرێت.