یەپەژە: پاراستنی شنگال خاوەنداریکردنە لە پاشە ڕۆژی هاوبەش
فەرماندەیی گشتیی یەپەژە لە ١٢ـەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی شنگال دەلێت: ئیمە تەواوی پشتگیریی ئەخلاقی و مرۆیی خۆمان دەخەینە ڕوو و دەبینە دەنگ و ئیرادەی گەلی ئێزدی بەرخۆدێر.
ناوەندی هەواڵ
فەرماندەیی گشتیی یەپەژە، لە ١٢ـەمین ساڵیادی جینۆسایدی ٣ـی ئابی ٢٠١٤ کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە وەکو جینۆسایدێکی سیستەماتیک لە دژی کۆمەڵگەی ئێزدیی لە شنگال ئەنجامدرا، لەسەر ماڵپەڕی خۆی ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.
ڕاگەیاندراوەکەی یەپەژە بەم شێوەیەیە:
لە کەسایەتی شەهیدانی جینۆسایدی دواییدا، هەموو گیانبەختکردوان کە لە دژی دڕندەیی جەستەیان کردە قەڵغان بە ڕێز و شکۆوە یاد دەکەینەوە، برینی قووڵ کە لە دڵ و هۆشی گەلی شنگالماندا کراوەتەوە، تەنها بە بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشان، بونیادنانەوەی خۆبەڕێوەبەریی و ڕێکخستنبوونی کۆمەڵایەتی دەتوانرێت بپێچرێتەوە.
چەتە دڕندەکانی داعش، بە پشتگیری و پلانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، هەوڵیاندا ئەو جینۆسایدەی کە لەسەر کۆمەڵگەی ئێزدیی ڕەسەنی شنگال دەستیان پێکردبوو، بخەنە قۆناغی جینۆسایدێکی گشتییەوە لە دژی تەواوی گەلی کورد.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژە تاریکە، لە کۆبانێوە تا شنگال و مەخموور، هێرشی هەرە دڕندانە و گڵاویان کردە سەر ژنان، منداڵان و بەتەمەنەکانمان، هێزەکانی وەک پەدەکە کە پێشتر بانگەشەی پاراستنیان دەکرد، لەو ساتە مێژووییەدا بەرپرسیارێتیی خۆیان ڕەتکردەوە، کۆمەڵگەی ئێزدییان لە ناو دەستی دڕندەییدا بەجێهێشت و ئەوانیان ڕووبەڕووی جینۆسایدێکی بێبەزەیی کردەوە، بەڵام ئەم سیناریۆ تاریکە ڕووبەڕووی شکانێکی مێژوویی بووەوە لە بەرامبەر بەرخۆدانی داستان ئامێزی ١٢ سوارەکە.
لە کەسایەتیی ژنانی پڕ لە باوەڕی و شەڕکەردا، ئەو زیهنیەتە پیاوسالار و دەستدرێژکارەی کە دەیویست ئیرادەی ئازاد بە دیل بگرێت، بە تەواوی هەڵوەشێنراوە، ئامانجی ئەم هێرشانە تەنها فیزیکی نەبوو؛ ئامانجی سەرەکی بێئیرادەکردنی کۆمەڵگە و دابڕانی گەلی شنگال بوو لە ڕیشه مێژووییەکەیان و خۆبوونی ئێزدییەت.
کردەوەکانی ئەم گرووپە چەتەیە لە کوشتن و دیلگرتن تاوەکو تێکدانی هۆشیاریی کەلتووری و هەوڵی تێکدانی بوونی ئایینی لە بنەمادا لە دژی بەهای مرۆڤایەتی و فەلسەفەی ژیانی ئازاد تاوانێکی گەورەی مێژووییە.
بانگەواز دەکەین لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، بۆ ڕزگارکردنی هەزاران ژن و گەنجی ئێزدمان کە هێشتا دیلن، بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و مێژوویی خۆیان جێبەجێ بکەن؛ چونکە خاوەنداریکردن لە گەلی ئێزدی پێوەری بنەڕەتیی مرۆڤایەتییە.
پێویستە باش بزانرێت کە هەڕەشەکان لەسەر شنگال تەنها لە دژی جوگرافیایەک نین، بەڵکوو ڕاستەوخۆ بە ئامانجگرتنی بوونی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ناسنامەی ڕەسەنی تەواوی گەلی کوردە، تاکە گەرەنتی و پێناسەی ڕاستەقینەی پاراستنی کۆمەڵگەی ئێزدیمان، تەنها بە قووڵکردنەوەی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک و ناساندنی فەرمیی مافە سیاسی و کەلتوورییەکانیان دەکرێت، پاراستنی بەرخۆدان و ئیرادەی ئازادی شنگال، خاوەنداریکردنە لە جەوهەر و ئاییندەی هاوبەشی تەواوی گەلانی ئازاد.
ئێمە بەڵێن دەدەین تا ڕزگارکردن و دیاریکردنی چارەنووسی هەموو ژنانمان کە دیل کراون، تێکۆشانی خۆمان بەبێ پشوو و بە ئیرادەیەکی مەزنەوە درێژە پێ دەدەین، بۆ خولقاندنی ژیانێکی ئازاد، یەکسان و ئارام کە شایستەی کۆمەڵگەی ئێزدییە، ئێمە تەواوی پشتگیریی ئەخلاقی و مرۆیی خۆمان دەخەینە گەڕ و دەبینە دەنگ و ئیرادەی گەلی ئێزدی بەرخۆدێر.