یەپەژە ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەى لەگەڵ وەزیری بەرگری سووریا ئاشکرا کرد

فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" بڵاوىکردەوە، لەسەر داوای فەرمی فەرماندەیی گشتیی سووریا، لەگەڵ وەزیری بەرگریی سووریا کۆبوونەوەیەکیان بۆ تاوتوێکردنی ڕێگا و میکانیزمەکانی یەکخستنی یەپەژە لە وەزارەتی بەرگری و هەیکەلی سوپای سووریا ئەنجامدا.

ناوەندی هەواڵ

 

فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" سەبارەت بە ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ وەیرى بەرگریی سووریا ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: فەرماندە ڕۆهڵات عەفرین و سوزدار حاجی و خالسا عەید فەرماندەی فەوجی ژنان لە لیوای قامیشلۆ و ڕووکەن جەمال بەڕێوەبەری نوسینگەی ڕاگەیاندنی یەکینەکانمان لەسەر داوای فەرمی فەرماندەیی گشتیی سووریا لەگەڵ وەزیری بەرگریی سووریا کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا، بۆ تاوتوێکردنی ڕێگا و میکانیزمەکانی یەکخستنی یەپەژە لە وەزارەتی بەرگری و هەیکەلی سوپای سووریا، وەک بەشێکە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ٢٩ـی کانوونى دووەمى نێوان حکومەتی سووریا و قەسەدە.

 

ئاماژەبەوەش کراوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە لایەنە ڕێکخراوەیی و یاساییەکانی پەیوەست بە پڕۆسەی یەکگرتنەوە کرا، ئەمە جگە لە گفتوگۆی بەردەوام سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان لە سوپای نوێی سووریادا.

 

بە ئەرێنی نزیکبوونەوە هەبوو

ئەوەش خراوەتەڕوو،  وەزیر نەرمی دەربڕیووە بۆ بەردەوامبوونی گفتوگۆ لەسەر میکانیزمە کردارییەکان، کە ڕێگە بە بەشداریکردنی ژنان دەدات لە دامەزراوە سەربازییەکاندا.

 

باس لەوەشکراوە، ئەم کۆبونەوەیە دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە دێت، کە لەلایەن فەرماندەیی گشتی یەکەکانمانەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی ئەنجامدرا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بەشداریکردنی ئایندەی ژنان لە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان.

 

داواکاری بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوان کرا

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا داواکارییەکمان بۆ ئازادکردنی هەڤاڵانی زیندانیکراومان پێشکەش کرا.