ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی بەردەوام لەڕۆژی پێنجەمدا بەردەوامە
ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی بەردەوام کە لە کامپی هۆڵ دەستیپێکرد لەڕۆژی پێنجەمدا بەردەوامە.
حەسەکە
ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی بەردەوام لە کامپی هۆل کە لە ٦ی ئەم مانگە لەلایەن هێزەکانی یەپەژە و قەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەستیپێکرد، بەردەوامە.
لە کاتی گەڕان و پشکنین لە بەشی کۆچبەران تەرمی ژنێک دۆزرایەوە، لە چوارەمین ڕۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا لە هەمان بەش،١٠ ئەندامی چەتەکانی داعش دەستگیرکران کە لە ماوەی ڕابردوودا دەستیان لە ئامادەکاریی هێرشەکاندا هەبووە.
بەگوێرەی ژووری ئۆپەراسیۆنەکە، هێزەکانی ئۆپەراسیۆن کۆتاییان بە گەڕان و پشکنین لە بەشی کۆچبەران هێناوە، کە تەرمی ژنێکیان تێدا دۆزرایەوە، گومان دەکرێت لەلایەن ژنانی ئەلحسبەوە ئەشکەنجە درابێت، بۆ ئەوەی ناسنامەی ئەو ژنە بزاندرێت، لێکۆڵینەوە دەستی پێکردووە.
جگە لەوەش دوو تونێل، کە بۆ شاردنەوەی چەک و چەتەکانی ئەشبال ئەلخلافە لەو بەشەی ژنان بەکارهێندرابوون، دۆزرانەوە و بێ کاریگەر کران، هەروەها دەست بەسەر کەلوپەل و کەرەستەی بەکارهێندراو بۆ مەبەستی سەربازیدا گیرا.
هاوکات لەگەڵ گەڕان، هێزەکان ناسنامەی ئەو کەسانەی لە ناو کامپەکەیان جارێکی دیکە نوێکردەوە، لەو چوارچێوەیەدا لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لەگەڵ ٨ ژنی داعش ئەنجامدرا کە لەڕابردوودا دەستیان لە تیرۆرکردن و ئەشکەنجەدانی ژنانی دیکەدا هەبووە.
لەم نێوەندەدا هێزەکانی ئۆپەراسیۆن لە قۆناغی ٣ی عێراقییەکان کۆتاییان بە گەڕان و پشکنینەکان هێنا.
لەڕۆژی ٥ی ئۆپراسیۆنەکەدا گەڕان لە قۆناغی یەکەمی عێراقییەکان دەستیپێکردو کۆتایی بە بەشی کۆچبەران هات.