ئەنجومەنی عشتار بەبۆنەی فێستیڤاڵی ٤ی نیسان ئاهەنگی پیرۆزبایی ڕێکخست
ئەنجومەنی عشتار بەبۆنەی ١٨یەمین فێستیڤاڵی ٤ی نیسان، لە کامپی پەنابەرانی مەخموور ئاهەنگێکی پیرۆزباییەکی سازکرد.
مەخموور
لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی، ئەنجومەنی عشتار لە سێیەم ڕۆژی ١٨یەمین فێستیڤاڵی کولتووری و وەرزشی ڕۆژی ٤ی نیساندا ئاهەنگێکی پیرۆزبایی سازکرد، وەک نەریتێک ئەنجومەنی عشتار هەموو ساڵێک لە سێیەم ڕۆژی فێستیڤاڵەکەدا ئاهەنگێک سازدەکات.
پێش دەستپێکردنی ئاهەنگەکە، خولەکێک بێدەنگی بۆ هەموو شەهیدانی ئازادی کوردستان بەڕێوەچوو، دواتر قیمەت نەرەخی، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی عشتار وتارێکی سەبارەت بە واتای ئاهەنگەکە پێشکەش کرد.
"بە ڕۆژی لەدایک بوونی ڕێبەر گەلی کورد لەدایک دەبێتەوە"
لە سەرەتای وتارەکەیدا، قیمەت نەرەخی پیرۆزبایی ڕۆژی لەدایک بوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی لە گەلی ئازادیخواز کرد و وتی: ڕۆژی لەدایک بوونی ڕێبەر ئاپۆ ڕۆژی لەدایک بوونی گەلی کوردە، گەلی ئازادیخواز و لە هەمان کاتدا ڕۆژی لەدایک بوونی ئەو ژنانەیە کە ساڵانێکە ستەمیان لێ دەکرێت لەدایک بوونی وەرزی بەهار و مانگی نیسانە، واتە مانگی بەرهەمهێنان و جوانی و ژیان و پێکهاتنی نوێ، گەلی کورد دووبارە لەدایک دەبێتەوە، ئاوەدان دەبێتەوە و خۆی دەناسێتەوە.
دوای وتارەکە، کێکێک بۆ ڕۆژی لە دایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد بڕدرا. کاتێک کێکەکە بڕدرا، خەڵکی کامپەکە دروشمی "٤یی نیسان لە ڕێبەر پیرۆز بێت’یان دەوتەوە. دوای بڕینی کێکەکە، کۆما ستێرا زێڕین گۆرانییەکانیان پێشکەش کرد.
ئاهەنگەکە بە نمایشی هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.