ئەنجومەنی باڵای خانمان: ژنانی کوردستان خەباتیان دژی داگیرکەران کردووە
ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە ٤٧ـەمین ساڵیادی لە سێدارەدانی شەهید لەیلا قاسم و هاوڕێكانیدا پەیامێکیان بڵاوکردووە و ئاماژەیان بەوەدا کوردێکی قارەمان، تەنیا لەبەر کوردبوون و ھەڵوێستە نەتەوەییەکانی، لەلایەن رژێمی بەعسەوە لەسێدارەدرا.
ناوەندی هەواڵ
ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ٤٧ـەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم و هاوڕێکانی پەیامێکیان بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە: ئەمڕۆ ٤٧ ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی بووکی کوردستان "شەهید لەیلا قاسم" و هاوڕێکانی تێدەپەڕێت.. لە ١٢ی ئایاری ١٩٧٤دا، کچە کوردێکی قارەمان، تەنیا لەبەر کوردبوون و ھەڵوێستە نەتەوەییەکانی، لەلایەن رژێمی بەعس لەسێدارەدرا، بەناوی ئەنجومەنەوە ھەزاران دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی شەھید لەیلا قاسم و هاوڕێکانی دەنێرین.
ئەنجومەکە ئاماژەیان بە ڕۆڵی ژنان داوە لە خەباتدا و دەڵێن: خانمانی کوردستان، ھەمیشە شانبەشانی براکانیان بەشداریان لە خەباتکردن دژی داگیرکەران کردووە، زۆر جاریش ڕابەڕایەتی شۆڕشیان کردووە و چەندین ئافرەتی بوێر و سەركردە ناویان وەک ئەستێرەی گەش لە ئاسمانی خەباتی كوردستانیدا، دەدرەوشێتەوە.
دەربارەی لەیلا قاسم لە پەیامەکەدا هاتووە: "لەیلا قاسم، بە شەهیدبوونی بۆ دۆست و دوژمنی سەلماند، كە وەفاداری بۆ كوردستان لە سەرووی هەموو شتێكەوەیە و مەرگی سەربەرزانە پڕ بەهاترە لە ژیانی کولەمەرگی و ژێردەستەیی.
لە کۆتای پەیامەکەشیاندا هاتووە: بەرز و پیرۆز بێت خەباتی نەپساوەی خانمانی كوردستان لە دژی زوڵم و ژێردەستەیی و جەور و ستەم.
ت.پ