ئەنجامنامەی کۆنفرانس: ڕەتکردنەوەی کۆتای ٢٠٪ بۆ ژنان لە هەڵبژاردنەکاندا و ٥٠٪ کەمتر نەبێت
لە یەکێک لە خالەکانی ئەنجامنامەی کۆنفرانسی "یەکگرتنی ژنان بناغەی بنیاتنانی دادپەروەری و دیموکراسییە لە سووریایەکی ناناوەندی و یەکگرتوودا" کە لە شاری حەسەکە بەڕێوەچوو ئاماژە بە ڕەتکردنەوەی کۆتای ٢٠٪ بۆ ژنان لە هەڵبژاردنەکاندا کراوە دەڵێت: ٥٠٪ کەمتر نەبێت.

ناوەندی هەواڵ
دوێنێ ٢٠ی ئەیلوول، کۆنگرەی ستار و کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا بە درووشمی "یەکگرتنی ژنان بناغەی بونیادننەری دادپەروەری و دیموکراسییە لە سووریایەکی ناناوەندی و یەکگرتوودا" لە شاری حەسەکە کۆنفرانسێکی ڕێکخست. ٧٠٠ ژنی سیاسەتمەدار و یاساناس و ڕۆشنبیر و چالاکوان لە تەواوی ناوچەکانی سووریاوە بەشداربوون، لەوانەش دیمەشق و کەناراوەکان و حەلەب، هەروەها لە سوەیداوە لەڕێگەی بەرنامەی زوومەوە بەشداربوون.
لەکۆتایی کۆنفرانسەکەدا بەشداربووان سەرنجەکانیان خستەڕوو، ژنان لە گفتوگۆکاندا تیشکیان خستەسەر یەکخستنی هەڵوێستی ژنانی سووریا و ئامادەکردی دەستوورێکی دادپەروەر کە وەڵامگۆی خواستەکانی گەل و پێکهاتەکانی سووریا بێت، لەگەڵ ڕێگرتن لەو پێشێلکارییانەی بەرانبەر ژنان دەکرێت لەلایەن چەکدارانی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریاوە.
کۆنفرانسەکە کۆمەڵێک پێشنیار و ڕاسپاردەی خستەڕوو:
١_ بانگەواز بۆ بەستنی کۆنگرەیەکی نیشتیمانیی ژنان، تا ببێتە بڵندگۆی ژنانی سووریا لە هەموو پێکهاتە جیاوازەکان، لەپێناو شکڵگرتنی ڕوانگەیەکی هاوبەش سەبارەت بە ئایندەی سووریا، لەگەڵ داڕشتنی بنەما دەستوورییەکان بەجۆرێک یەکسانی و مافی تەواو بۆ ژنان دەستەبەربکات و هەموو دەسکەوتەکانی ژنان بپارێزرێت و پەرەیان پێ بدرێت.
٢_ تێکۆشان لەپێناو بنیاتنانی سووریایەکی فرەیی و ناناوەندیی و دیموکراتیک، لەسەر بناغەی ئازادی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، لەگەڵ پاراستنی یەکسانی نێوان هەموو پێکهاتەکان.
٣_ داوای گۆڕانی ڕاگەیاندنی دەستووریی کاتی، بەجۆرێک مافەکانی ژنان و ئازادییە بنەڕەتییەکان مسۆگەربکات و بەشداریی دیموکراتیک پتەوتر بکات.
٤_ ڕەتکردنەوەی کۆتای ٢٠٪ بۆ ژنان لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەم ڕێژەیە هەرگیز گوزارشت لە قەبارە و ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگە ناکات، دەبێت ڕێژەکە کەمتر نەبێت لە ٥٠٪ لە هەموو دەسکەوتەکانی هەڵبژاردن و پۆستە باڵاکاندا، تاوەکو پرەنسیپی بەشداریی ڕاستەقینە و یەکسانیی تەواوەتی لە بڕیاردان دەستەبەر بکرێت.
٥_ دەسکەوتەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەک دەسکەوتنی ژنان و دەسکەوتی نیشتیمانی سەیربکرێت، کاربکرێت لەپێناو پتەوکردنی ئەم دەسکەوتانە و گشتاندنی تاوەکو ببێتە میراتێکی هاوبەش بۆ تەواوی ژنانی سووریا.
٦_ هەڵمەتێکی فراوانی ژنان لە ناوخۆ و دەرەوەی سووریا دەست پێ بکات، تاوەکو فشارەکان زیاتر بکرێن لەپێناو سووریایەکی دیموکراتیک و ناناوەندی و فرەیی لەسەر بناغەی ئازادی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی.
٧_ پتەوکردنی هاوپەیمانی و یەکگرتنی ژنانی سووریا لەڕێگەی تۆڕێکی نیشتیمانییەوە لەپێناو یەکخستنی تێکۆشانی ژنانی سووری لە تەواوی جوگرافیای وڵاتەکە، تاوەکو ژنانی هەموو پێکهاتەکان پێکەوە دژی هەموو جۆرەکانی پەراوێزخستن و دوورخستنەوە بوەستنەوە.
٨- یەکخستنی تێکۆشانی ژنان لەپێناو ڕێکخستنی ڕیزەکانیان و بنیادنانی هێزێکی کۆمەڵایەتیی کاریگەر، کە کار بکات بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، ئەخلاقی و ژینگەیی، کە لەسەر بنەمایەکی سەرەکی دامەزراوە، ئەویش ئەوەیە کە ئازادیی ژن ئەو کۆڵەکەیەیە کە ئازادیی تەواوی کۆمەڵگەی لەسەر بنیاد دەنرێت.
٩- چەسپاندنی بەشداریی سیاسیی ژنان لەڕێگەی نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە و کاراوە لە دامەزراوە کارگێڕی و حکومییەکان و ئەنجومەنە خۆجێییەکاندا.
١٠- بەشداریی ژن لە بەهێزکردنی متمانەی کۆمەڵایەتی و چەسپاندنی ئاشتیی ناوخۆیی و بەشداریکردنی کاریگەر لە بنیادنانی ئاشتی و ڕەتکردنەوەی گوتاری توندوتیژی و ڕق و کینە.
١١- دانانی ئامرازەکانی خۆپارێزی بۆ ژنان لەڕێگەی هۆشیارکردنەوە، پەروەردە، ڕاهێنان و دەستپێشخەریی کۆمەڵایەتی دژی هەموو شێوازەکانی توندوتیژی.
١٢- گرتنەبەری ڕێوشوێنی کاریگەر بۆ پاراستنی ژنانی سیاسەتمەدار، سەرکردە و چالاکوانان لەو هەڵمەتە میدیاییە بەرنامە بۆ داڕێژراوانەی دەکرێنە سەریان، ئەمەش لەڕێگەی هۆشیارکردنەوە، داکۆکیکردن، پشتیوانیی یاسایی و بەهێزکردنی سەکۆکانی میدیای جێگرەوە بۆ ئەوەی بە سەلامەتی دەنگیان هەڵبڕن.
١٣- دەرخستنی بەهای فرەنەتەوەیی و فرەئایینی وەک هێزێکی کۆمەڵایەتی کە پێکەوەژیان و هاودەنگی بەهێز دەکات و پشتگیری لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەکات.
١٤- پەرەپێدانی بەرنامەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئاراستەکراو بۆ ژنان، بۆ بەرەوپێشبردنی تواناکانیان لە پشتبەخۆبەستن بەشداریکردن لە دووبارە بنیادنانەوەی کۆمەڵگەدا.
١٥- ڕۆڵی ژن لە دادپەروەریی قۆناغی ڕاگوزەردا: مسۆگەرکردنی بەشداریی کارایان لە پرۆسەکانی ئاشکراکردنی ڕاستییەکان، لێپرسینەوە، قەرەبووکردنەوە و ئاشتەوایی نیشتمانیدا، بەشێوەیەک کە ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی پێشێلکارییەکان بکات و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بەهێز بکات.
١٦- جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی گەڕانەوەی سەلامەتی ئاوارە و ئەوانەی بە زۆر لە شوێنەکانییان دەرکراون لە ناوچە داگیرکراوەکان "عەفرین – سەرێ کانی – گرێ سپی" بۆ زێدی خۆیان، لەگەڵ مسۆگەرکردنی مافەکانیان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییان.
١٧- پشتیوانیکردنی یەکینەکانی پاراستنی ژن "یەپەژە" و جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵ و پێگەیان وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکی لە پاراستنی ژن و کۆمەڵگەدا، و پاڵپشتیکردنیان لە هەموو هەوڵەکانی بەشداریی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، بەو پێیەی نموونەیەکی زیندووی بەهێزکردنی ژنانن لە ڕووبەڕووبوونەوەی جەنگ و توندوتیژیدا.
١٨- بەهێزکردنی تێکۆشانی ژنان لە سووریا لەڕێگەی پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ تەڤگەرە جیهانییەکانی ژنان، بۆ ئاڵوگۆڕکردنی شارەزایی و گەیاندنی دەنگی ژنی سووریا وەک بەشێکی کاریگەر لە تێکۆشانی نێونەتەوەیی لەپێناو مافەکانی ژناندا.