ئەندامانی تەژەئا: بێدەنگی خیانەتە و کۆبانێ بانگەوازێکە بۆ بەرخۆدان
لە وان، ئەندامانی تەڤگەری ژنانی ئازاد ”تەژەئا” دەنگیان بەرزکردەوە بۆ ئەوەی لە هەموو شوێنێک بیبیستێت، کۆبانێ تەنها شار نییە، بەڵکو هێمای سەرکەوتن و هیوا و خۆڕاگرییە بۆ ژنان، ئەمڕۆش لە ژێر گەمارۆیەکی ناڕەوای خنکێنەرە کە دەبێت دەستبەجێ بشکێنرێت.
مەمهیان هێلین زەیدان
وان- چەتەکانی هەتەشە و داعش و تورکیا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامن لە پێشێلکارییەکانیان، لە ٦ی کانوونی دووەم ، ئەم گروپە توندڕەوانە هێرشیان کردە سەر گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، پاشان هێرشەکانیان فراوانتر کرد بۆ ئەوەی ناوچە جیاوازەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بگرێتەوە، لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشەکان، دانیشتوانی تەبقا، ڕەققە، عەین عیسا و کۆبانێ ناچاربوون بەرەو شاری کۆبانێ هەڵبێن.
ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە شاری کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ژێر گەمارۆیەکی خنکێنەردایە و بێبەش بووە لە خۆراک و دەرمان و کارەبا و پەیوەندییەکان، هاوکات منداڵان و ژنان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
سەرەڕای ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات ”هەسەدە” و حکومەتی کاتی سووریا کە بڕیار بوو لە ٢ی شوباتدا گەمارۆکە هەڵبگرێت، بەڵام ڕۆژانە قەیرانەکە خراپتر دەبێت، لەوەش خراپتر کاروانێکی مرۆیی کە لە ٢٥ بارهەڵگری خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکان پێکهاتبوون، کە لەلایەن پلاتفۆڕمی پاراستن و هاوپشتی ئامەدەوە نێردرابوون، بەڵام لەلایەن هێزەکانی جەندرمەی تورکیاوە لە دەروازەی شاری سروج ڕاگیران و ڕێگرییان لێکرا، بەمەش قەبارەی کارەساتەکە و هاوسۆزی ئەو کەسانەی تێوەگلاون، ئاشکرا بوو.
"رێککەوتنەکە بە واتای کۆتایی هاتنی مەترسییەکە نییە"
زەینەب دورماز، ئەندامی تەڤگەری ژنانی ئازاد”تەژەئا” لە شاری وان جەختی لەوە کردەوە، کە تورکیا هاوبەشە لەو تاوانانەی کە چەتەکانی هەتەشە ئەنجامی دەدەن، هەروەها چەتەکان بە پلەی یەکەم ژن و منداڵیان کردە ئامانج، بە ناوی ئاینەوە کوشتنیان لە کاتێکدا جیهان بێدەنگ بوو، ئەوان کوردیان بێ پشتیوانی هێشتەوە.
ڕوونیشیکردەوە، ئەو ڕێککەوتنە بە واتای کۆتاییهاتنی مەترسییەکە نییە، ئاڵەنگاریەکان هەر ماون، هیچ بوارێک بۆ خۆڕازیبوون نییە، سنوورەکان ناتوانن گەلی کورد جیابکەنەوە، ئەو دڵەی لە ڕۆژئاوای کوردستان لێدەدات هەمان ئەو دڵەیە کە لە باکووری کوردستان لێدەدات، هەروەک چۆن لە سووریا ڕێککەوتن کرا، دەوڵەتی تورکیاش دەبێت هەنگاوێکی هاوشێوەی بەرەو چارەسەر لە باکووری کوردستان بنێت.
زەینەب دورماز وتی: کۆبانێ سەرکەوتنێکە کە ژنان بە خوێن و خەباتیان بەدەستیان هێناوە، دەبێت دەستبەجێ قەیرانی ئاو و کارەبا چارەسەر بکرێت، ژیان ناتوانێت چاوەڕێ بکات، دەبێت هەموو گەلی کورد لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا هەڵبستێت، کەس ئەو خۆشگوزەرانی بێدەنگی یان پشوودانی نییە لە کاتێکدا کۆبانێ لە ژێر گەمارۆدا دەخنکێێت، ئێمە زۆر قوربانیمان داوە بۆی، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە لەوەش گەورەترە.
“ئێمە پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی دەکەین”
تولین نەزەربور، ئەندامی تەڤگەری ژنانی ئازاد”تەژەئا”، بێدەنگی نێودەوڵەتی سەبارەت بە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان شەرمەزار کرد و وتی: هەمووان بەرپرسیارێتی هەڵدەگرن، ناتوانین بێدەنگ بین و ڕێگە نادەین ئەم تاوانانە لەبیر بکرێن، هەموو ئازارێک لەوێ دەبێت لە یادەوەریماندا بە زیندووی بمێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی دەکەین، بەڵام تورکیا یەک وشەی دژی ئەم هێرشانە نەگوتووە، چونکە بە سادەیی پشتگیریان دەکات، هیچ هۆکارێک لە جیهاندا ناتوانێت پاساو بۆ کوشتنی منداڵ و ژنان بهێنێتەوە.
دووپاتی کردەوە، کە ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان یەک جەستەن و هەمان ئازاریان هەیە، پێویستبوو تورکیا لەگەڵ ڕۆژئاوا بوەستێت، نەک ڕێگری لە تێپەڕبوونی بارهەڵگرەکانی یارمەتییەکان بکات، ئەو بارهەڵگرانە چەک و بۆمبیان هەڵنەگرتبوو، بەڵکو ئەوان پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بارکردووە.
ئاماژەی بە ڕاپۆرتی ئەکادیمیای “ژنۆلۆژی” کرد سەبارەت بەو تاوانانەی لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدراون و وتی: بەڵگەنامەیەکی گرنگە کە دەبێت پەسەند بکرێت بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان و لێپرسینەوە لە تاوانباران.
تولین نەزەربور لە کۆتایی قسەکانیدا، وتی: کۆبانێ سەرکەوتنی ژنانە، ئەوە هیوا و بەرخۆدان و هێزە، دەبێت دەنگمان بەرز بکەینەوە بەرامبەر بە گەمارۆ و هێرشەکان، هەندێک قسەدەکەن، هەندێکیش دەترسن، بەڵام ترس هیچ کەسێک ڕزگار ناکات، تەنها دەبێتە هۆی مردن و ماڵوێرانی، هەموو جیهان لە دژی ئەو تاوانانە هەڵساوەتەوە، بەڵام دەنگی باکووری کوردستان بە ڕادەی پێویست نەبووە بتوانین بگەیینە ناو ڕۆژئاوا، دەبێت بەربەستی ترس بشکێنین، چونکە بێدەنگی خیانەتە، ترسیش ڕێگایەکە بۆ لەناوچوون.