یۆنان سووتاندنی گوندەکانی کوردستانی وەک تاوانی جەنگ ناساند

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی یۆنان داوای پەنابەرێتیی یانیس ڤاسیلیس یایلالی، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە ئەو لە ساڵی ١٩٩٠ـدا کاتێک سەرباز بووە، بەشداری کردووە لە سووتاندنی گوندەکانی کوردستاندا کە "تاوانی جەنگ"ـە.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی یۆنان داوای پەنابەرێتیی چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ یانیس ڤاسیلیس یایلالی کە لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە لە یۆنان دەژی ڕەتکردەوە و بڕیاریدا کە بینێرێتەوە تورکیا. دوای ئەو دانوستانانەی کە لە ٢٠٢١ـەوە تاوەکو ٢٠٢٣ بەردەوام بوون، دۆسیەکەی دوای چاوەڕوانییەکی زۆر ڕەتکرایەوە. لە بڕیارە ١٢٠ لاپەڕەییەکەی ڕەتکردنەوەکەی وەزارەتدا ئەو تاوانانەی کە سوپا لە ماوەی خزمەتە سەربازییە زۆرەملێیەکەی ئەودا لە ساڵانی ١٩٩٠ـدا لە کوردستان ئەنجامی داون، ئاماژەیان پێ دراوە. لێکۆڵینەوەی یەکەم بەشداربوونی ئەوی لە سوپادا پەسەندکرد و بەرپرسیارێتییە تاکەکەسییەکەی دەستنیشان کرد. بەڵام لە لێکۆڵینەوەی دووەمدا بڕیار درا کە بگەڕێنرێتەوە بۆ تورکیا.

 

ڤاسیلیس یایلالی ڕایگەیاند کە سەرەڕای دەستبەسەرداگرتنی بەڵگەنامەی ناسنامەیی و بڕیاری بەرپرسانی یۆنان، ئەو مەترسیی گەڕانەوەی بۆ تورکیا لە سەرە لە هەموو کات و ساتێکدا.

 

بڕیاری ڕادەستکردنەکەی بەو هۆیەوە بوو کە یایلالی بچێتە هەر ناوچەیەکی تورکیا، بە تایبەتی بافرای سەمسون، ڕووبەڕووی هیچ کێشەیەک نابێتەوە. بەڵام هەمان دۆسیا دەشڵێت کە لە تورکیا دژی یایلالی ١٣ دۆسیەی جیاواز هەن، لەناویاندا تاوانەکانی "سیخوڕیی نێونەتەوەیی"ـش هەن و فەرمانی دەستگیرکردنیشی بۆ دەرچووە. هەرچەندە دەقی بڕیارەکە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و فشارەکان دژی بەرهەڵستکاران لە تورکیا بە فراونی دەستنیشان دەکات، هەروەها قبووڵی دەکات کە یایلالی لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی گرتن و ئەشکەنجە بووەتەوە. سەرەڕای ئەمەش، داواکارییەکەی ڕەتکرایەوە.

 

سووتاندنی گوندەکانی کوردستان 'تاوانی جەنگ'ـە

بە گوێرەی بڕیاری ڕادەستکردنی دۆسیەکە، ئاماژە بەوە دەکرێت کە یالالی لە ساڵی ١٩٩٤ـدا لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە پەکەکەدا خزمەتی سەربازیی زۆرەملێی کردووە و بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە لە ژینگەیەکدا بووە کە گوندە کوردییەکان سووتێنراون، ئەشکەنجەدان و کوشتن ئەنجامدراون. هەرچەندە یایلالی ڕایگەیاندووە کە بەشداریی ئەو تاوانەی نەکردووە، بەڵام بینەری ڕووداوەکان بووە، وەزارەتەکەی یۆنان دانپێدانانەکەی ئەوی سەبارەت بەو تاوانانەی کە لەلایەن سوپاوە کراون بەکارهێنا تاوەکو ئەو وەکو شایەتحاڵ نا، بەڵکوو وەکو هاوکار نیشان بدات. لە ئەنجامدا داواکارییەکەی بۆ پەنابەری بەهۆی "تاوانی جەنگ" ڕەتکرایەوە.