ئەمساڵ ١٦ هەزار حاڵەتی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک لە ئێران تۆمار کراوە

سەرۆکی دامەزراوەی توێژینەوەی شێرپەنجە ڕایگەیاند، ڕێژەی شێرپەنجەی مەمک لە ئێران لەمساڵدا بۆ ١٦ هەزار حاڵەت بەرزبووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

شێرپەنجەی مەمک یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی شێرپەنجە کە تووشی ژنان دەبێت، کە نوێنەرایەتی ٣٠% هەموو ئەو شێرپەنجانە دەکات کە تووشی ژنان دەبن، دەستنیشانکردنی پێشوەختەی ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە چاکبوونەوە لەم نەخۆشییە و کەمکردنەوەی ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە هەمان شێوە.

 

ڕاگەیاندنە ناوخۆییەکان لە ئێران باس لە بڵاوبوونەوەی ترسناکی شێرپەنجەی مەمک وەک باوترین شێرپەنجە لە نێو ژنانی ئێراندا بڵاو دەکەنەوە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەرۆکی پەیمانگای توێژینەوەی شێرپەنجە ڕایگەیاند، شێرپەنجەی مەمک یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی شێرپەنجەی ژنان و ساڵانە ١٦ هەزار حاڵەتی نوێی ئەم نەخۆشییە تۆمار دەکرێت.

 

دووپاتیشی کردەوە، ئەگەر ئەم شێرپەنجەیە لەکاتی خۆیدا دەستنیشان بکرێت، دەتوانرێت چارەسەری بۆ بکرێت و ئاڵۆزییەکانی کەمتر دەبن، دەستپێکردنی هەڵمەتی شێرپەنجە، کە بریتییە لە چالاکییە ڕۆشنبیری و هۆشیارییەکان و بەرنامەی پەروەردەیی بۆ ژنان، هەروەها ئەنجامدانی پشکنینی بێبەرامبەر بۆ ژنان، یەکێکە لەو بەرنامانەی کە دەزگاکە بۆ ڕێگریکردن لە زیادبوونی حاڵەتەکانی شێرپەنجە ئەنجامی دەدات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پسپۆڕانی پەیمانگاکە پشکنینی شێرپەنجە لەو ناوچانە ئەنجام دەدەن کە خزمەتگوزاری تەندروستییان نییە، وەک سیستان و بەلووچستان بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ئاماری شێرپەنجە بکەن.

 

ئاسیا ئۆلفات بەخش، پزیشکی نەشتەرگەری و یاریدەدەری دامەزراوەی توێژینەوەی شێرپەنجە ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک گەیشتووەتە ١٣ هەزار کەس و ئەمساڵیش بۆ ١٦ هەزار حاڵەت بەرزبووەتەوە سەرەڕای زیادبوونی مەترسیدارانەی تووشبووانی شێرپەنجە لە ئێران، بەڵام یەکسانە بە وڵاتانی تری جیهان.

 

جەختی لەسەر گرنگی هۆشیاری و دەستنیشانکردنی پێشوەختەی ئەم نەخۆشییە کردەوە بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ئەو نەخۆشییە و وتی: لە کۆی ژنی تووشبوو بە شێرپەنجەی مەمک، پیاوێکیش تووشی ئەم جۆرە شێرپەنجەیە دەبێت لە ئێستادا، دەبێت پشکنینی مامۆگرافی ئەنجام بدرێت بۆ دەستنیشانکردنی شێرپەنجە.