ئەڵمانیا و دانیمارک ژنان و منداڵانی کامپی سوریا دەگێڕنەوە وڵاتەکانیان

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاندووە، کە ئەڵمانیا و دانیمارک ١١ ژن و ٣٧ منداڵیان لە کامپێکی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا گەڕاندوەتەوە وڵاتەکانیان.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەڵمانیا لە فڕۆکەخانەی فرانکفۆرت ٢٣ منداڵ و ٨ دایکی لە گەشتێکدا گەڕاندەوە کە لە کامپی زیندانی ڕۆژ لە باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا  ببون.

هێیکۆ ماس وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی: "منداڵەکان بەرپرسیار نین لە دۆخی خۆیان، دایکان دەبێت وەڵامی کردەوەکانیان بدەنەوە".

بەرلین ڕایگەیاند، دانیمارک  ١٤ منداڵ و سێ ژنی گەڕاندوەتەوە ئەوەش لە چوارچێوەی هەمان ئۆپەراسیۆن، کە بە پشتیوانی سوپای ئەمریکا ئەنجامیان داوە.

داواکاری گشتی فیدڕاڵی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، کە سێ ژن لە کاتی گەیشتنیان بە فڕۆکەخانەی فرانکفۆرت دەستگیرکراون ئەوان تۆمەتبارن بە ئەندامێتی لە "رێکخراوێکی تیرۆر"ی بیانی و بردنی منداڵەکانیان لەگەڵ خۆیان بێ پرسی باوکیان و پێشێلکارییەکانی ئەرکی چاودێری و پەروەردەییان.