یەكێتی نەتەوەیی ژنانی کورد: دان بە ستاتۆی ڕۆژئاوادا بنێن

نامەی هەڵمەتی "ستاتۆ بۆ ڕۆژئاوا" کە لەلایەن یەكێتی نەتەوەیی ژنانی کوردەوە دەستپێکراوەو پارتە سیاسییە کوردستانییەکان بە واژۆی خۆیانەوە پاڵپشتییان کردووە، ئاڕاستەی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

یەكێتی نەتەوەیی ژنانی کورد، سەبارەت بەو نامەیەی کە دوابەدوای دەستپێکردنی هەڵمەتەکەیان بۆ خواستی دانان بە مافەکانی کورد و ستاتۆی ڕۆژئاوا ڕێکیان خستووەو بۆ دامودەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان ناردووە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا، نزیکەی سێ هەزار و ٥٠٠ واژۆ کۆکرایەوە، کە واژۆی ١٥٠ پارتی سیاسیی کاریگەری لەسەرە، ڕەوانەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا، لە نامەکەدا داوای داننان بە ستاتۆی سیاسی ڕۆژئاوا و لابردنی گەمارۆی سەر کۆبانێ و پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان لە سووریادا کراوە.

 

هاوکات، نامەکە کە بۆ دامودەزگا و بەرپرسانی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان نێردراوە، لەنێویاندا ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی تێدایە، هەروەها ئەو دامەزراوانەی نامەکەیان پێگەیشتووە بریتین لە کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ، نووسینگەی ژنێڤی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان و مێزی سووریای نەتەوە یەکگرتووەکان.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، نامەکە تەنها هەوڵێکی کۆمەڵگەی مەدەنی نییە، بەڵکو بە پاڵپشتی پارتە سیاسییەکانی کوردستان و زۆرێک لە دامودەزگاکان ئامادە کراوە.

 

هەروەها، لە پرۆسەکانی چارەسەری سیاسیدا کە لە سووریا درێژەی هەیە، دەبێت مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی گەلی کورد بە دەستوور دەستەبەر بکرێن، پێویستە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دان بە پێگەی سیاسی ڕۆژئاوادا بنرێت.

 

لە نامەکەدا داواکراوە دەستبەجێ گەمارۆی سەر کۆبانی و دەووروبەری هەڵبگیرێت و داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە، کە هەنگاوی بەپەلە بنرێت بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی و کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی، لە چوارچێوەی یاسای مرۆیی نێونەتەوەیدا مامەڵە بکات.

 

هاوکات، بانگەواز کراوە بۆ ڕێگری کردن لە هەوڵدان بۆ گۆڕینی پێکهاتەی دیمۆگرافی لە ناوچە کوردستانییەکان و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ.

 

یەكێتی نەتەوەیی ژنانی کورد ڕایگەیاندووە، لە ڕووی دەستوورییەوە دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەیی و کولتووری و سیاسییەکانی گەلی کورد مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ ئاشتییەکی بەردەوام.