یەکێتی ژنانی ئێزدی ڕۆژئاوا: مافی گەلی شنگالە پاراستنی ڕەوا لە بەرامبەر مەترسییەکان جێبەجێبکەن

یەکێتی ژنانی ئێزدی ڕۆژئاوا سەبارەت بە هەوڵەکانی چەککردنی ئێزیدییەکان هۆشداری دا و ڕایگەیاند کە مافی خگەلی شنگالە مافی پاراستنی ڕەوا لە بەرامبەر مەترسیی کۆمەڵکوژیدا جێبەجێ بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

یەکێتیی ژنانی ئێزدیی ڕۆژئاوا "Y.J.Ê.R" سەبارەت بەو سیاسەتانەی دژی گەلی شنگال دەکرێن و ئەو هەوڵانەی بۆ لێدان لە پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەری بەرخۆدانی ئێزیدییەکان لە شنگال دەدرێن، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. 

 

ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیەیە: 

یەکێتیی ژنانی ئێزیدیی ڕۆژئاوا، لە بەرامبەر ئەو سیاسەتە سیستماتیکانەی دژی کوڕان و کچانی گەلە ئێزیدییەکەمان پەیڕەو دەکرێن، بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێریی ئەو پێشهاتە مەترسیدارانە دەکات کە شەنگال ڕووبەڕوویان بووەتەوە. 

 

ئێمە ڕایدەگەیەنین ئەو شنگالەی لە ساڵی ٢٠١٤دا ڕووبەڕووی فەرمانی دڕندانەی چەتەکانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش" بووەوە، کە تاوانی کۆمەڵکوژییان ئەنجام دا و ژنان کرانە کۆیلە و منداڵان ڕفێندران، ئەمڕۆ نابێت جارێکی دیکە ببێتە قوربانیی نەخشە سیاسی و ئەمنییەکان کە ئیرادەی گەلەکەی و مافی ڕەوایان لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیان و پاراستنی خۆیان پشتگوێ دەخەن. 

 

جووڵە سەربازییەکانی ئەم دواییەی سوپای عێراق و هەوڵەکانی چەککردنی ئێزدییەکان هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و دەرگای گەڕانەوە بۆ ئاژاوە و بەئامانجگرتنی کۆمەڵگەکەمان لە نوێوە دەکەنەوە. چەکی بەرخۆدانی ئێزیدییەکان هیچ کاتێک ئامرازێکی داگیرکاری نەبووە، بەڵکوو بۆ پاراستنی گەل بووە لە مەترسیی کۆمەڵکوژییەکان، دوای ئەوەی هەمووان لە تاریکترین هەلومەرجەکاندا بە تەنیا جێیان هێشتن. 

 

ئێمە هۆشداری دەدەین کە ئەم سیاسەتانە لە چوارچێوەی پلانە داگیرکارییەکانی تورکیادان کە شەنگال و دەوروبەری دەکەنە ئامانج و هەوڵ دەدەن ئیرادەی ئێزدییەکان لاواز بکەن و مۆدێلە ڕێکخستنییەکەی بشکێنن، ئەمەش خزمەت بە ئەجێندا فراوانخوازییەکان دەکات کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە دەکەن. هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر هێزی پاراستنی خۆسەر لە شەنگال، ڕاستەوخۆ خزمەت بە گەڕانەوەی چەتەکانی داعش دەکات. 

 

ئێمە وەک "Y.J.Ê.R"  ئەم خاڵانەی خوارەوە دەخەینە ڕوو: 

- شێوازەکانی پەراوێزخستنی ئێزدییەکان لە عێراق ڕەت دەکەینەوە و داوای مسۆگەرکردنی نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەیان لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و ناوەندەکانی بڕیارداندا دەکەین. 

- هەر هەوڵێک بۆ چەککردنی ئێزدییەکان، پێش مسۆگەرکردنی پاراستنێکی نێونەتەوەیی ڕاستەقینەو خۆبەڕێوەبەری کە بە ئیرادەی گەلی شنگال دانپێدانراو بێت، ڕەتدەکەینەوە. 

- حکومەتی عێراق بەرپرسیارە لە پاراستنی ئێزدییەکان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی کارەساتی ساڵی ٢٠١٤. 

بانگ لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە بەرپرسیارێتییەکانی خۆیان لە بەرامبەر ئەوەی لە شەنگال ڕوو دەدات جێبەجێ بکەن پێش بە هەر کارەساتێک ڕووبدات. 

ژنی ئێزیدی لە فەرمانی ٢٠١٤دا گەورەترین باجی دا و ئێمە قبووڵی ناکەین کە ئەو کارەساتە بە شێوازی سیاسی یان سەربازیی دووبارە بکرێتەوە. ئاسایش و سەقامگیریی شەنگال بەستراوەتەوە بە ڕێزگرتن لە ئیرادەی گەلەکەی و مافی خۆپاراستنیان و مسۆگەرکردنی نەگەڕانەوەی تیرۆر و داگیرکاری.