"یەکێتی ژنانی کورد بنەمای یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتیکە"
پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد دەڵێت: یەکێتی نەتەوەیی گەلی کورد، مسۆگەری هەبوونی گەلی کوردە، بۆیە بانگەوازی بۆ بەشداربوون لە "کۆبوونەوەی یەکێتیی نەتەوەیی" دەکەین، کە بڕیارە لە ئامەد بەڕێوە بچێت.
ئامەد
پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد، سەبارەت بە کۆبوونەوەی نەتەوەیی، کە بڕیارە لە ئامەد بەڕێوەبچێت کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ئەنجام دا.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی پلاتفۆرمی یەکێتیی ژنانی کورد بەم شێوەیەیە:
وەک هەموو گەلانی هەرێمەکە لە جوگرافیای خۆماندا زیاتر لە هەموو کاتێک بەرەوڕووی دۆخێکی گێژاو و شەڕ بووینەتەوە، ڕژێمی نوێی سووریا کە لەلایەن پاشماوەکانی داعشەوە پێکهێنراوە و لەلایەن هێزە هەژموونییەکانەوە دەخوازرێت خۆی وەک پاک و شەرعی نیشان بدات، لە مانگی ئاداری ٢٠٢٥ لە لازقیەی عەلەوییەکان و لە مانگی تەموزی ٢٠٢٥ لە سوەیدا بە هێرشی دڕندانە گەلی دروزی لە بەردەم هەموو جیهاندا کۆمەڵکوژ کرد.
ئەم هێزانەی سەرمایەداریی و داگیرکەران ئامانجیان خنکاندن، لەناوبردن و نەهێشتنی شۆڕشی ڕۆژئاوایە کە شۆڕشی ژنانە، هەربۆیە پیلانگێڕییەکی وەها نێونەتەوەییان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێکردووە بۆ درووستکردنی بەربەست لەبەردەم ئیرادەی گەلان بۆ پێکەوە ژیان لە ئاشتیدا.
دەبێت بە ڕوونی و ئاشکرا بوترێت، کە ئەم پیلانگێڕییە لە کاتی پڕۆسەی "ئاشتی و کۆمەڵگی دیموکراتیک"دا ئەنجام دراوە، لەوەها ساتێکدا ئەنجامدانی پیلانگێڕییەکی بەمجۆرە بە ئامانجگرتنی پڕۆسەکەیە کە لەگەڵ تورکیا پەرەی سەندووە، ئەمەش خاڵێکی گرنگە کە دەبێت هەڵوەستەی لەسەر بکرێت.
لە پڕۆسەی ئێستادا خواستێک هەیە بۆ نوێکردنەوەی پەیمانی سایکس پیکۆ، سیاسەتی کوردیش لە لایەن گەلەوە ڕووبەڕووی پرسیاری ‘ئەگەر ئەمڕۆ نەبێت، کەی؟ بووەتەوە، سیاسەتی کوردیش دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات.
بزاوتترین هێز لە بنیاتنانی یەکێتی نەتەوەییی دیموکراتیکدا، بێگومان تێکۆشانی ژنانی ئازادیی کوردستانە، کە ئەمڕۆ نموونە و سەرچاوەیە بۆ تێکۆشانی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا، ئەم پەرەسەندن و پێشەنگایەتییەی ژنان بنەمای بەدیهێنانی یەکێتی نەتەوەیی ئامادە کردووە، ژنان و ژنانی کوردستان لە سەرانسەری کوردستان و جیهاندا تێکۆشانێکی بێهاوتا بەڕێوەدەبەن.
ئەمڕۆ بەدیهێنانی یەکێتیی دیموکراتیکی گەلی کورد بە شێوەیەکی ستراتیژی لەسەر بنەمای ئیرادەی ئازادیی ژنان دامەزراوە و هەنگاوێکی مێژووییە، ئەم ستراتیژییەش کە لەلایەن ژنانەوە لەسەر بنەمای پەیمانی کۆمەڵایەتی دیاری دەکرێت، گەرەنتی پێکەوە ژیانی کورد و هەموو جیاوازی، ڕەنگ و دەنگەکانە، چونکە یەکێتیی ژنی کورد، یەکێتیی نەتەوەی دیموکراتیکە.
لەسەر ئەم بنەمایە، لەم پڕۆسە هەستیار، ناسک و گرنگەدا، بە ڕۆحی ”ژن، ژیان، ئازادی”ـەوە، بانگەواز لە هەموو ژنانی کورد لە کوردستان و هەموو جیهان دەکەین و دەڵێین: کۆببنەوە، بە پێشەنگایەتی ‘یەکێتیی نەتەوەیی کورد’ بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بنیات بنێین، بانگهێشتتان دەکەین بۆ ئەو کۆبوونەوەیەی کە لە ٢ـی ئاداری ٢٠٢٦ لە ئامەد بەڕێوەدەچێت.
پاشان، ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” و “بژی یەکێتیی ژنی کورد” کۆتایی هات.