یەکێتی ژنان: چەندین چالاکی جۆراوجۆرمان دەبێت
یەکێتی ژنان چەند چالاکییەکی جۆراوجۆری وەک پێشانگا، کۆنفڕانس و سیمینارییان ئامادە کردووە، هەروەها ئەندامێکی ئەو ڕێکخراوە ڕایگەیاند، دەبێت سەرجەم ڕێکخراوەکان بۆ ڕێگری لە توندوتیژییەکان یەکبگرن.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافی ژنان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی باشوری کوردستان دەیان چالاکی جۆراوجۆریان ئامادەکردووە، دەیانەوێت لەو ڕێگایەوە دەنگی ژنان بگەیەنن.
لەنێویاندا یەکێتی ژنانی کوردستان، چەندین چالاکی جۆراوجۆری ئامادەکردووە، لەوانە، لە سلێمانی پڕۆگرامی تەلەفزیۆنی دەربارەی ژنان پێشکەش دەکرێت، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆ و هاشتاگ بڵاودەکرێتەوە، پۆستەریش بەشێوەی ڕاستەوخۆ بڵاودەکرێتەوە، بڕیاریش بوو چالاکییەک لەبەردەم هۆڵی تەوار دەربارەی کوشتنی ژنان ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی دۆخی تەندروستی ڕاگیراوە و دواخراوە بۆ کاتێکی دیکە، بەڵام بەیاننامە بڵاو دەکەنەوە.
لە کۆیە و هەولێر لە ڕۆژی ٨ی مارسدا بە هاوکاری زانکۆی کۆیە کۆنفڕانسێک دەربارەی ژنان ئەنجام دەدەن، لە کەرکوک لە ١٠ی مارسدا، کۆنفڕانسێک دەربارەی بەشداری ژنان لە کایەی سیاسیدا دەکرێت، لە نێو کۆنفڕانسەکەدا نمایشکردنی فیلم و فیستیڤاڵی کاری دەستیش بەڕێوەدەچێت.
لە گەرمیان پێشانگای کاری دەستی و شێوەکاری ژنان هەیە، کە ئامانجیان باشترکردنی دۆخی ئابوری ژنانە، لە هەڵەبجە و ڕانیە زنجیرە سیمینارێک هەیە، بۆ بابەتی ژنان، لە خانەقینیش چەند سیمینار و پێشانگایەک هەیە.
سەیوان ڕەسوڵ، ئەندامی یەکێتی ژنانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ژنها ڕایگەیاند، کە زۆرینەی چالاکییەکانیان لە هەشتی مارسەوە دەستپێدەکات، ڕۆژەکانیان جیاواز دەبێت تا بەرکەوتن لەنێوان چالاکییەکاندا نەبێت.
ئەو ئەندامەی یەکێتی ژنان دەربارەی زیادبوونی بەردەوامی توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنانی گەڕاندەووە بۆ خراپی دۆخی ئابوری و کۆمەڵایەتی و جەنگ، کە کاریگەری تەواوی دروست کردووە، دەڵێت " ئەگەرچی هۆشیاری هەیە، بەڵام توندوتیژییەکان بەردەوام زیاتر دەبن".
ئەو چالاکوانە پێی وایە باشترین چارە بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژییەکان و نەهێشتنیان یەکگرتنی سەرجەم ڕێکخراوەکانە، کە بەیەکدەستی و هەماهەنگی کار بۆ پرسەکانی ژنان بکەن.
ت.پ