یەکەمین کۆنگرەی یەکێتی ژنانی ئەرمەنی دەستیپێکرد

بە دروشمی "ژنانی ئەرمەنی دژی توندوتیژی و نادادپەروەرین" یەکێتی ژنانی ئەرمەنی پاش قڕکردنی ١٠٧ ساڵ خۆی لە سوریا ڕێکخست و یەکەمین کۆنگرەی خۆی بەست.

حەسەکە

 

بۆ یەکەم جار لە مێژوودا یەکێتی ژنانی ئەرمەنی پاش قڕکردنی ١٠٧ ساڵ خۆی لە سوریا ڕێکخست و ئەمڕۆ یەکەمین کۆنگرەی خۆی لە گەڕەکی تل حەجەری حەسەکە بە بەشداری ١٥٠ نوێنەر بەڕێوەبرد، لە کۆنگرەکەدا کۆنگرەی ستار، یەکێتی ژنانی سوریا، یه‌كینه‌ی سەربازی شەهید نوبار، ئەنجومەنی ژنانی سوریا، پارتی یەکێتی دیموکراتی پەیەدە، حزبی داهاتووی سوریا و ئەندامان و بەڕێوەبەرانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان بەشدارییان کرد، کۆنگرەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن بە ناوی شەڕڤان سیلڤا کابووتکیان دەستیپێکرد.

 

پاشان ئەندامی ئەنجومەنی کۆمەڵەی ئەرمەنییەکان لۆسین ئەردنیان، بەخێرهاتنی هەموو بەشداربووانی کرد و یەکەمین کۆنگرەی یەکێتی ژنانی ئەرمەنی لە سەرتاسەری جیهاندا پیرۆز کرد.

 

دواتر سینەفزیۆنێک لەسەر کاری ژنان و ڕۆڵەکانیان لە پەروەردەکردنی ژنانی ئەرمەنی نمایش کرا.

 

لۆسین ئەرنیان ئاماژەی بەوەکرد کە ژنانی ئەرمەنی ئیرادەیەکی گەورەیان دژی کۆمەڵکوژی و پیلانەکانی کۆمەڵکوژییەکە هەبووە و لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: "کۆمەڵکوژیی ساڵی ١٩١٥ ئازارێکی زۆری لە مێژوودا بۆ کۆمەڵگه‌ی ئەرمەنی داناوەو بووە هۆی ئاوارەبوونی ژن، منداڵ، بەساڵاچووان و ملیۆنان کەس شەهید بوون، ئامانجی دەوڵەتی عوسمانی قڕکردنی گەلی ئەرمەنی و لەناوبردنی مێژوو و کلتوری ئەوان بوو و ئەم سیاسەتەش ئەمڕۆ لەلایەن دەوڵەتی تورکیای داگیرکەرەوە بەردەوامە، بەڵام ئەمڕۆ ژنانی ئەرمەنی خۆیان ڕێکخستووە و یەکپارچەیی خۆیان لە دژی هەموو پیلانەکانی جینۆساید بە چاودێریی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دامەزراندووە ئەمە وەڵامێکە بۆ پیلانە پیسەکانی دەوڵەتەکان، هاوکات ژنانی ئەرمەنی خۆیان لە مەیدانی سەربازی بۆ پاراستنی خاکەکەیان ڕێکخست و دەسەڵاتی خۆیان دامەزراند، لە کۆمەڵکوژیی ساڵی ١٩١٥دا ژنان توندوتیژی و فرۆشتن و دەستدرێژی سێکسیان بەرامبەر کرا، ئەمڕۆ دەوڵەتی تورک لە رێگەی چەتەکانی داعشەوە درێژە بەو سیاسەتەی دژی ژنان دەدات، ئەوەش لە کۆمەڵکوژی شەنگالدا بینرا چونکە ژنان کۆمەڵگه‌ پەروەردە دەکەن، ئەمڕۆ بە هەموو شێوەیەک دەکرێنە ئامانج ئێمە وەک یەکپارچەیی ژنانی ئەرمەنی ئەو سیاسەتە قبوڵ ناکەین و بە تێکۆشانی خۆمان ڕێگری لەو کارانە دەکەین".

 

هەیستان باربارا، ئەندامی یه‌كینه‌ی شەهید نوبار ئۆزەنیان دووپاتی کردەوە کە یەکێتی ژنانی ئەرمەنی ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پاراستنی مافەکانی هەموو ژنان و وتی: "دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکان ژنان لە هەموو پێکهاتەکانە دەکەنە ئامانج، دەیانەوێت بە کۆیلە بمێننەوە، بۆیە بە هەموو شێوەیەک هێرش دەکەنە سەریان و شەڕێکی پیس دژی بەها و دەستکەوتەکانیان ئەنجام دەدەن، ژنانی ئەرمەنی لە کۆمەڵکوژیی ساڵی ١٩١٥دا ئازارێکی گەورەیان بینی و لە شەپۆلەکانی کۆچکردندا کلتور و زمان و مێژووی خۆیان لە دەست دا، بەڵام بە یەکگرتنی ژنانی ئەرمەنی و دامەزراندنی ئەنجومەنی کۆمەڵگەی ئەرمەنی و هێزی سەربازی، گەلی ئەرمەنی جارێکی تر دژی داگیرکاری و هێرش وەستانەوە،  ئامانجمان وەک ژنان ئەوەیە کە بتوانین خاک و گەلی خۆمان لە هێرشەکان بە ڕێکخستنەکانی ئەمڕۆمان بپارێزین ئێمە ئیرادەیەکی بەهێزمان هەیە، کەس ناتوانێت لە بەرامبەر ئیرادەی ئازادماندا بوەستێت، ژنانی ئەرمەنی لە دژی ئەو نەریتانەی کۆمەڵگه‌ن کە ئەمڕۆ ژن کۆیلە دەکەن".

 

کۆنگرە بە وتار بەردەوام دەبێت