یەکەمین کۆنفرانسی بەرگرینامەی ئۆجالان لە کۆبانێ دەستی پێکرد
یەکەمین کۆنفرانسی بەرگرینامەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە شاری کۆبانێ لە کانتۆنی فورات دەستیپێکردو زۆر بابەت هەڵدەسەنگێندرێت.
کۆبانێ
کۆمیتەی ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان و ئەکادیمیاکانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک یەکەمین کۆنفرانسی بەرگرینامەیان بە دروشمی "بە خوێندنەوە و تێگەیشتن و جێبەجێکردنی بەرگرینامە، ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر دەکەین" لە شاری کۆبانێ لە کانتۆنی فورات ئەنجامدا.
لە کۆنفرانسەکەدا کە لە ناوەندی هونەر و کولتووری باقی خیدۆ بەڕێوەچوو، سەدان کەس لە بنەماڵەی شەهیدان، پارێزەران، سیاسەتمەداران، ڕۆشنبیران، چالاکانی مافی ژنان، ژینگەدۆستان، مامۆستایان، پزیشکان، گەنجان و ژنان ئامادەبوون، کۆنفرانسەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێکرد، پاشان بەڵگەفیلمێک لەسەر ناساندن و خەبات و ژیانی ڕێبەر ئۆجالان پێشکەشکرا و هەروەها عومەر ئۆجالان هەڵسەنگاندنەکانی لەسەر دۆخی ئەم دواییەی ئیمرالی و هێرشەکانی سەر ئایدۆلۆژیاکەی کرد.
عومەر ئۆجالان لەسەرەتادا بەم قسانە باسی لە بارودۆخی عەبدوڵا ئۆجالان کرد: زیاتر لە ٢٦ ساڵ بەسەر دەستگیرکردنی بەڕئژ ئۆجالان تێپەڕیوە و نزیکەی چوار ساڵە هیچ زانیارییەکی لێ وەرنەگیراوە، چونکە بەربەست هەیە لەبەردەم کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ خێزانەکەی و پارێزەرەکانی، مافی خۆیەتی لەگەڵ پارێزەرەکەی و بنەماڵەکەی کۆببێتەوە، ئەمەش مافێکی یاسایی جیهانییە، بەڵام بەداخەوە هیچ یاسایەک بۆ بەڕێز ئۆجالان جێبەجێ ناکرێت.
"لەبری دەوڵەت- نەتەوە سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک هەڵدەبژێرین"
لە کۆتایی قسەکانیدا عومەر ئۆجالان وتی: نابێت جوگرافیای ئێمە لەسەر بنەمای یەک نەتەوە و ئاڵا و زمان و ناسنامە بونیاد بندرێت و پێکهاتەیەک لەسەر لەناوبردنی زۆرێک لەوانی تریش ناتوانێ بەردەوام بێت، خاکی ئێمە دەوڵەمەندە و دەبێ بیکەین بە سەرچاوەی ئاشتی و دیموکراسی، دەستکەوتی زۆرمان هەیە و لە هەمان کاتدا هەڕەشەی جددی سەرهەڵدەدات، گۆشەگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ تەنها لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ئەنجام نادرێت، بەڵکو لەلایەن زۆرێک لە هێزەکانیشەوە کە خۆیان وەک بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ نیشان دەدەن، دەیانەوێت بە گۆشەگیرکردنی جەستەی بیر و بیرۆکەکانی لەناوببەن، وەک گروپێک دەبێت دەستی یەکبگرین و بڵێین نەخێر بۆ سیاسەتی جینۆساید و قڕکردن، سیاسەتی دیموکراسی و ژیانی هاوبەش هەڵدەبژێرین، تا کۆتایی، سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک لە بەرامبەر سیستەمی دەوڵەت- نەتەوەدا بپارێزین و پەرەی پێبدەین، تا ئەو سیستمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو نەچێت، نابێت خەباتی خۆمان ڕابگرین.
پاشان کۆنفرانسەکە بە خستنەڕووی پرسەکانی سیستمی ئیمرالی، خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک و نەتەوەی دیموکراتیک، پێکەوەژیانی ئازاد و زانستی ژنان و ئیکۆلۆژی بەڕێوەچوو.
کۆنفرانسەکە بە هەڵسەنگاندنەکان بەردەوامە و لە کۆتاییدا ئەنجامی کۆنفرانسەکە ڕادەگەیەنرێت.