ئامەد دڵپاک: متمانەت بەخۆت هەبێت
ئامەد دڵپاک یەکەم ژنە کە قوتابخانەی تایبەتی شۆفێری بۆ ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکاتەوە، بەم پڕۆژەیە خەریکە بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان و ترسەکان دەشکێنێت تا ئێستا نزیکەی ٦٠٠ ژنی فێری شۆفێری کردووە و دەڵێت: متمانەت بەخۆت هەبێت.
نەغەم چاچان
قامیشلۆ – لە کۆمەڵگەیەکدا کە زۆرجار لێخوڕینی ئۆتۆمبێل وەک کاری پیاوێک سەیر دەکرێت، ژنان هەنگاو دەنێنە پێشەوە و وتیان منیش، لە ڕۆژئاوای کوردستان یەکێک لەو ژنانە هەنگاوێکی زیاتری ناوە و وتی: ئێمە پێکەوە لەم کارەداین، ئەم ژنە کە دەیویست ئەم تێڕوانینە دواکەوتووانە بگۆڕێت، هەنگاوێکی نوێی نا و ژنانی لە دەوری خۆی کۆکردەوە، ئامەد دڵپاک کە نزیکەی سێ مانگە قوتابخانەی شۆفێری تایبەت بە ژنانی کردەوەتەوە، دەیەوێت ئیرادەی ژنان بەهێزتر بکات و نیشانی بدات کە ژنان دەتوانن بە هێزییان گەشە بکەن و ئاستەنگەکان تێپەڕێنن و یەکلاکەرەوە بن لە ژیانیدا.
ئامەد دڵپاک، ڕاهێنەری شۆفێری بە پەیامنێرەکەمانی ڕاگەیاند، سەبارەت بە ئۆفیسی تایبەتی خۆی کە کردوویەتیەوە بۆ فێرکردنی چۆنیەتی شۆفێری بۆ ژنان.
ئامەد دڵپاک ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە ساڵی ٢٠٢٤ەوە ژنان فێری شۆفێریکردن دەکات و وتی: وەک فەرمانگەیەکی فەرمی نزیکەی سێ مانگ بەسەر کردنەوەیدا تێپەڕیوە، بەهۆی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان ئێستا ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ئامادەن، بۆیە پێویست بوو ژنان فێری شۆفێری بن.
”ئەمڕۆ هەزاران ژن لە سەرانسەری ڕۆژئاوا دەزانن چۆن شۆفێری بکەن”
ئامەد دڵپاک ڕایگەیاند، کە خواستی ئەو شکاندنی ئەو تێڕوانینەیە کە ”ژن ناتوانن و نازانن” و وتی: ئامانجی من ئەوەیە کە ژنان بە شێوەیەکی سەربەخۆ کار بکەن و بەردەوام بن لە ژیانیان، فێربوونی شۆفێری ئەوەندە قورس نییە کە ژنان نەتوانن فێریبن، هەروەها ژنان هێز و ئیرادەیان هەیە، دەتوانن هەموو شتێک بە سەرکەوتوویی فێربن، شۆفێری یەکێکە لە ڕێگاکانی بۆ ئەوەی ژنان سەربەخۆ بن، ئەمڕۆ هەزاران ژن لە سەرانسەری ڕۆژئاوای کوردستان دەزانن چۆن ئۆتۆمبێل لێخوڕن بکەن، هیوای من ئەوەیە کە ژنان متمانەیان بەخۆیان هەبێت، لەم پڕۆژەیەی خۆمدا، تا ئێستا نزیکەی ٦٠٠ ژنم فێری شۆفێری کردووە.
”ژنان دەیانەوێت زۆر شتی تر فێربن”
ئامەد دڵپاک ئاماژەی بەوەدا، کە زۆرجار ژنان بەهۆی بەربەستە کۆمەڵایەتییەکانەوە ناتوانن فێری شۆفێری ببن و وتی: ڕۆژ بە ڕۆژ خواستی ژنان بۆ وانەکانی شۆفێری لە زیادبووندایە و لە ڕاستیدا ژنان دەیانەوێت بە جۆش و خرۆشەوە فێری شۆفێری ببن، ژنان لە زۆر شوێنەوە دێنە لام بۆ ئەوەی فێری شۆفێری ببن، زۆرێکیان بەهۆی بەربەستی کۆمەڵایەتی و ترسەوە ناتوانن بە ئاسانی ئەم هەنگاوە بنێن، بەڵام لەگەڵ پەروەردە و شێوازی وانەوتنەوە ئەو ترسە دەشکێت و ژنان متمانەیان بەخۆیان دەبێت، هاوکات ژنان دەیانەوێت زۆر شتی تر فێربن نەک تەنها شۆفێری.
”تەنانەت ژنانی تەمەن ٦٥ ساڵان هاتوونەتە لای ئێمە و وانەی شۆفێرییان وەرگرتووە”
ئامەد دڵپاک بیری هێنایەوە کە نووسینگەکەی بە شێوەیەکی سەربەخۆ دامەزراوە، ڕوونیکردەوە، کە ئەو یەکەم ژن بووە کە دەستی بەم پڕۆژەیە کردووە، بەڵام ئەمڕۆ زۆرێک لە ژنانی دیکەش هەمان ڕێگا دەگرنەبەر، وتی: ئەمە بۆ ئەویش مایەی دڵخۆشییە و ئەم نووسینگەیە شوێنێکی تایبەت و ئاسوودەیە بۆ ژنان. هەروەها لە کۆتایی ڕاهێنانەکەدا بڕوانامەیەک پێشکەش بە ژنان دەکەم، لە تەمەنی ١٨ ساڵی و سەرووترەوە ژنان ڕاهێناوە، تەنانەت ژنانی تەمەن ٦٥ ساڵ هاتوونەتە لامان و ڕاهێنانی شۆفێرییان وەرگرتووە، ئەمڕۆش بە ئاسانی دەتوانن لە هەر شوێنێکدا شۆفێری بکەن، لەگەڵ ئەم ئۆفیسە دەستم بە پڕۆژەکەم کردووە، بەڵام پلانم هەیە بۆ فراوانکردنی ئەم پڕۆژەیە.
”ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ژنان بۆ ئەوەی فێری شۆفێری ببن”
هەروەها ئەو ژنانەی کە وانەی شۆفێری لەم ئۆفیسە وەردەگرن، بە ئازادی بیروڕای خۆیان دەردەبڕن، کیبانا ئۆسێ تەمەن ١٩ ساڵ لە ئامەد وانەی شۆفێری وەردەگرێت،
کیبانا بۆ پەیامنێرەکەمان وتی: من هاتووم بۆ ئەوەی فێری شۆفێری بم بۆ ئەوەی بتوانم ئاگاداری پێداویستییەکانی خۆم بم، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ ژنان بۆ ئەوەی فێری شۆفێری ببن، سەرەتا ترسام، بەڵام ئامەد هاوکاری کردم و ترسی شکاندم، هەروەها متمانەمی زیاتر کرد.