لە بەغدا باوک و دایکێک لەکاتی فرۆشتنی منداڵەکەیان دەستگیرکران

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەغدا دەستگیرکردنی دایک و باوکێکی بە تۆمەتی ھەوڵدان بۆ فرۆشتنی منداڵە تازە لەدایکبووەکەیان ڕاگەیاند.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای بەدەستگەیشتنی زانیاری ورد بە دەزگای ھەواڵگری لەسەر پیاو و ژنێک لە بەغدا کە ھەوڵدەدەن منداڵە تازە لەدایکبووەکەیان بفرۆشن، دەستبەجێ مەفرزەکانی پۆلیسی نەھێشتنی تاوان لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونیان دەستپێکرد و سەرەنجام لە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوودا توانییان ئەو پیاو و ژنە دەستگیربکەن.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، پیاو و ژنەکە باوک و دایکی ڕاستەقینەی منداڵەکە بوون و لە لێکۆڵینەوەکاندا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە، کە ھەوڵیانداوە منداڵەکە بە بڕی ٢٠ ملیۆن دینار بفرۆشن.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا ئەوەش هاتووە: ڕێوشوێنی یاسای بەرامبەر ئەو ژن و پیاوە گیراوەتەبەر و ڕەوانەی لایەنی پەیوەندیدار کراون.