نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی شەڕی سووریا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە

کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی ململانێی سووریا باسی لەوەکرد، گرژییەکانی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل، ئێران و ئەمریکا، بووەتە هۆی بەرفراوانبوونی ململانێکان لە سووریا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە دوای سەرهەڵدانی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، ململانێ  بەردەوامە، جگە لەوەش بەهۆی هێرشەکانی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر زۆرێک لە بنکە سەربازییە ئەمریکییەکان کە لە عێراق و سووریا بڵاوبوونەتەوە، هەر بۆیە ئیسرائیل ئەو شوێن و هێزانەی کردە ئامانج کە پەیووەندییان بە ئێرانەوە هەیە.

 

کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەیرانى سووریا لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاند، لە سەرەتای شەڕەوە گرژییەکان لەنێوان هەندێک لە هێزە بیانییەکانی چالاک لە ناوخۆی سووریا، بەتایبەت هێزەکانی ئیسرائیل، ئێرانی و ئەمریکا تووندتر بووە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە فراوانبوونی ململانێیەکان لە سووریا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل ٣٥ جار هێرشی کردووەتە سەر ئەو شوێن و هێزانەی پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە لەناو سووریادا، هەروەها فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی حەلەب و دیمەشقی کردووەتە ئامانج، ئەمەش بووە بە هۆی ڕاگرتنی کاتی خزمەتگوزارییە ئاسمانییە مرۆیی و گرنگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، گروپەکانی سەر بە ئێران زیاتر لە ١٠٠ جار بنکە سەربازییەکانی ئەمریکایان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کردووەتە ئامانج و ئەمریکاش بە ئاڕاستەکردنی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر کوتلەکانی لایەنگری ئێران لە ڕۆژهەڵاتی سووریا وەڵامی داوەتەوە.

 

ڕوونیانکردەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە، هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا پەرەی سەندووە و بە پێی ئامارەکانى وەزارەتى بەرگری ئەمریکا گەیشتووەتە زیاتر لە ١٦٥ هێرش.

 

ئەمریکا لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکەیەکی ئەمریکی لەسەر سنووری ئوردن و سووریا سێ سەرباز کوژراون و ٢٥ سەربازی دیکەش برینداربوون، دوای ئەو هێرشە جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانی تۆمەتبار کرد، بەڵام تاران ڕەتیکردەوە هیچ پەیوەندییەکی بەو هێرشەوە هەبێت.