"پیسبوونی هەوا لە جگەرە کێشان و خواردنەوە کحولییەکان زیانی زیاترە"

لێکۆڵینەوەیەکی نوێ ئاشکرایدەکات، هەڕەشەی پیسبوونی هەوا لەسەر تەندروستیی مرۆڤ لە زیانەکانی جگەرەکێشان و خواردنەوە کحولییەکان گەورەترە.

ناوەندی هەواڵ

 

لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لەلایەن پەیمانگەی سیاسەتی وزە لە زانکۆی شیکاگۆی ئەمریکیی

ئەوەیخستەڕوو، هەڕەشەی پیسبوونی هەوا لەسەر تەندروستیی مرۆڤ لە زیانەکانی جگەرەکێشان و خواردنەوە کحولییەکان گەورەترە، چەقی هەڕەشەکەش لە باشووری ئاسیایە.

 

ڕاپۆرتی ساڵانەی پێنوێنی کەشوهەوا کە لەلایەن زانکۆی شیکاگۆوە ئامادە کراوە نیشانی دەدات، پیسبوونی هەوا بەهۆی دووکەڵی ئۆتۆمبێل، کارگە، ئاگری دارستانەکان و هۆکارەکانی دیکە، گەورەترین هەڕەشەی دەرەکییە بۆ سەر تەندروستیی گشتی، کە مەبەست لێی هەڕەشەی دەرەوەی لەشی مرۆڤە.

 

ئاماژە بەوەکراوە، ئەگەر جیهان بۆ تاهەتایە ئەم هۆکارە پیسکەرانە کەمبکاتەوە و بگاتە ئەو ستانداردانەی کە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ کوالێتیی هەوا دایناون، ئەوا تەمەنی هەر مرۆڤێک دەتوانێت سەرووی ٢.٣ ساڵ زیاد ببێت.

 

تەنۆلکە وردیلەکانی نێو هەوا دەبنە هۆی نەخۆشیی سییەکان، نەخۆشیی دڵ، جەڵتە و شێرپەنجە.

 

ئاسیا و ئەفریقیا گەورەترین بارگرانییان لەسەرە، لە کاتێکدا کە خراپترین ژێرخانیان هەیە. هەروەها بەشێکی کەمی یارمەتییە مرۆییە بێبەرامبەرەکان وەردەگرن ،تەواوی کیشوەری ئەفریقا، ساڵانە کەمتر لە ٣٠٠ هەزار دۆلار بۆ رووبەڕووبوونەوەی پیسبوونی هەوا وەردەگرێت.

  

بەنگلادیش خراپترین هەوای هەیەو عێراقی ش یەکێکە لەو وڵاتانەی هەواکەی پیسە

لەسەر ئاستی جیهان، باشووری ئاسیا گەورەترین کاریگەریی پیسبوونی هەوای لەسەرە، بەنگلادیش، هندستان، نیپال و پاکستان یەک بەدوای یەک پیسترین هەوایان هەیە، کە لە ڕێگەی مانگە دەستکردەکانەوە لە ڕێگەی پێوانەکردنی ڕێژەی تەنۆلکە وردەکانی ناو هەواوە دەپێورێت

 

لە بەنگلادیش، هەر یەک مەتر سێجا هەوا، ٧٤ مایکرۆگرام تەنۆلکەی وردیلەی تێدایە، ئەگەر ئەو رێژەیە کەمبکرێتەوە بۆ ئەو ئاستەی کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی  دایناوە، کە بریتییە لە ٥ مایکرۆگرام تەنۆلکە لە هەر مەتر سێجایێکدا، ئەوا تەمەنی دانیشتووانی ئەو وڵاتە ٦.٨ ساڵ درێژدەبێتەوە.

 

دەلهی، پایتەختی هندستان لەسەر ئاستی شارە گەورەکانی جیهان، "پیسترین" شارە و ساڵانە تێکڕای ١٢٦.٥ مایکرۆگرام تەنۆلکەی ٢.٥ مایکرۆمەتری لە هەر مەتر سێجایێکیدا هەن.

  

لە عێراق، لە هەر یەک مەتر سێجادا، ٢٤.٦ تەنۆلکەی ٢.٥ مایکرۆمەتری هەیە، ئەگەر ئەو رێژەیە بۆ ستانداردی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی کەمبکرێتەوە، ئەوا تەمەنی تاکی عێراقی ١.٩ ساڵ زیاد دەبێت

  

ئاماژە بەوەشکراوە، هەڕەشەی ئاگری دارستانەکان کە لە گەورەبوونی بەردەوامدایە، بوونەتە هۆی ئەوەی لە هەندێ شوێنی رۆژئاوای ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەمریکای لاتین و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا پیسبوونی هەوا زیاد بێت