ئازادکردنی زیندانیی نەخۆش بەسرا ئەرۆڵ دوادەخرێت
زیندانیی نەخۆش بەسرا ئەرۆڵ کە بۆ دووەم جار ئازادکردنی دواخرا، بە بیانووی سزای دیسپلینی نەیانخستە بەردەم دەستەی چاودێری.
ناوەندی هەواڵ
لە زیندانەکانی باکووری کوردستان و تورکیا ئازادکردنی زیندانییان لەلایەن دەستەکانی چاودێری و کارگێڕییەوە بە شێوەیەکی میزاجی دوادەخرێن. یەکێک لەم زیندانییانە کە ئازادکردنی دوادەخرێت، زیندانیی نەخۆش بەسرا ئەرۆڵی ٦٩ساڵە.
بەسرا ئەرۆڵ لە ساڵی ٢٠١٥ لە پیرسوس لە ئەنجامی هێرشێکی داعش کوڕەکەی بە ناوی ئەڤریم دەنیز ئەرۆڵ لەدەستدابوو. لەبەرئەوەی قسەی لەسەر گۆڕی کوڕەکەی کردبوو، ماوەی حەوت ساڵ و نیو سزای زیندانیکردنی بۆ بڕدرایەوە. بەسرا ئەرۆڵ بە بانگەشەی "ئەندامێتیی ڕێکخستن" لە نیسانی ٢٠١٩ـەوە لە زیندانە.
سەرەڕای تەواوبوونی ئەو سزایەی کە بۆی بڕدرابووەوە، بە بیانووی ئەوەی کە پەشیمانی قبووڵ ناکات، ئازادکردنی بەسرا ئەرۆڵ بۆ دووەم جار دواخرا و بەسرا ئەرۆڵ کە لە کانوونی ٢٠٢٤ و حوزەیرانی ٢٠٢٥ـدا ئازادکردنی دواخرا لە ٨ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ـدا پێویست بوو دەستەی چاودێری و کارگێڕی هەڵسەنگاندنی بۆ بارودۆخی بکردایە. بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکان، بە بیانووی ئەوەی کە سزای دیسپلینی بۆ بڕدراوەتەوە، نایخەنە بەردەم دەستەکە.
بەسرا ئەرۆڵ لە زیدان بەتوندی نەخۆشکەوتووە، لەو ماوەیەدا زۆر جار دۆخی ناجێگیر بووە و براوەتە نەخۆشخانە. بەسرا ئەرۆڵ هەوڵدەدات لە ڕێی دەرمانەوە درێژە بە ژیانی بدات.
ئەندامانی بنەماڵەکەی داوای ئازادکردنی بەسرا ئەرۆڵ دەکەن و ڕایانگەیاند کە دەیانەوێت ئەو ستەمە کۆتایی پێ بێت.