"ئایسەل توغڵوک ئیدی ناتوانێت کتێبیش بخوێنێتەوە"

ئایسەڵ توغڵوک کە نەخۆشی هەیە و ناتوانێت لە زینداندا بمێنێتەوە لە ئێستادا دۆخی تەندروستی زۆر خراپە و براکەی دەڵێت: "ئیدی ناتوانێت کتێبیش بخوێنێتەوە و سەیری تەلەفزیۆن بکات، چەندین کاتژمێر لە جێگاکەیدا دەمێنێتەوە. بە دڵنیاییەوە دەبێت چارەسەر بکرێت".

ناوەندی هەواڵ

 

ئایسەڵ توغڵوک هاوسەرۆکی پێشووی پارتی کۆمەڵگەى دیموکراتیک "دەتەپە" جێگری هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتیکی گەلان "هەدەپە" لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لە زیندانی جۆری ئێفی کاندرا لە پارێزگای کۆجالی ڕاگیراوە و تادێت دۆخی تەندروستیی خراپتر دەبێت.

 

هەرچەندە بەشی پزیشکیی داد لە زانکۆی کۆجالی لە راپۆرتەکەیدا لەسەر دۆخی تەندروستیی ئایسەڵ تۆغڵوک رایگەیاندووە، ناتوانێت لە مەرجی زینداندا درێژە بە ژیانی خۆی بدات، بەڵام سەرباری ئەوەش ئازاد ناکرێت، سەرباری ئەوەش پزیشکیی دادی ئەستەنبوڵ ڕاپۆرتێکی پێچەوانەی ئامادەکردووە و بەو هۆیەوە ئازاد ناکرێت.

 

عەلائەدین توغڵوک برای ئایسەل توغڵوک دوو هەفتە پێش ئێستا سەردانی خوشکەکەی لە زینداندا کردووە و وتی، "توغڵوک لە زیندانی تاکەکەسیدا نییە، بەڵکو لە ژووری سێ کەسیدا ڕاگیراوە، دۆخی تەندروستیی بەرەو خراپتر ڕۆیشتووە، بەتایبەتی لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا، ەم بارودۆخەی ئێستادا تەنانەت ناتوانێت کتێبیش بخوێنێتەوە".

 

 وتیشی: "نەخۆشییەکەی لە شێوەی هۆشیاری و خەودا بەردەوامە، پێشتر کتێبی زۆری دەخوێندەوە، بەڵام چیتر ناتوانێت بخوێنێتەوە، ناتوانێت سەیری تەلەفزیۆن بکات، ناتوانێت سەرنج بدات، بۆ چەندین کاتژمێر لە ناو جێگاکەیدا دەمێنێتەوە، هۆشی دەڕوات و دێتەوە، هەندێکجار قسەکردنیشی لاواز دەبێت، هەندێک جار ناتوانێت وشەکان تەواو بکات، ناتوانێت وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە".