"ئایکۆنی حەلەب" خەڵاتی نێودەوڵەتی ئاشتی منداڵانی ساڵی ٢٠٢٥ی بەدەستهێنا
بانە عەبد، کچێکی سوورییەی خەڵاتی ئاشتیی نێودەوڵەتیی منداڵانی ساڵی ٢٠٢٥ی پێبەخشرا، وەک ڕێزلێنانێک بۆ هەوڵەکانی لە پاڵپشتیکردنی منداڵانی زیانلێکەوتوو بەهۆی شەڕەوە.
ناوەندی هەواڵ
بانە عەبد لە ساڵی ٢٠١٦ ناوبانگێکی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا لە ڕێگەی تویتە بەهێزەکانیەوە کە بەڵگەی ئازارەکانی خەڵکی مەدەنی لە کاتی گەمارۆدانی حەلەبی سووریادا بوو، بووە بە ئایکۆنێکی مرۆیی کە نوێنەرایەتی دەنگی منداڵان دەکات لە ناوچە جێناکۆکەکان.
ئەم منداڵە کچە سورییە تەمەن ١٦ ساڵە بەناوی بانە عەبد، ڕۆژی ١٩ی تشرینی دووەم خەڵاتی ئاشتیی نێودەوڵەتی منداڵانی ساڵی ٢٠٢٥ی لە ڕێکخراوی مافی منداڵان وەرگرتووە، ئەمەش وەک ڕێزلێنانێک بۆ هەوڵەکانی بوو لە پشتگیریکردنی ئەو منداڵانەی کە بەهۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتووە، خەڵاتەکە هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی جیهانی منداڵان.
ڕێکخراوی کیدس ڕایتس هۆڵەندی ئەو خەڵاتەی پێشکەش کرد کە بە بەناوبانگترین خەڵاتی گەنجان دادەنرێت لە جیهاندا، هەروەها وەک ڕێزلێنانێک بۆ کارەکانی لە یەکگرتنەوەی خێزانەکان و بەشداریکردنی لە کردنەوەی خوێندنگە و چاندنی هیوا بۆ منداڵانی ناوچە جێناکۆکەکانی وەک غەززە و سودان و ئۆکرانیا و سووریا.
لە وتارەکەیدا، لە هۆڵی شارەوانی ستۆکهۆڵم وتی: بە دەنگێک کە هیچ ترسێک نازانێت، لە بەشار ئەسەد، بنیامین ناتانیاهۆ، ڤلادیمێر پوتین، سەرکردەکانی سودان و هەموو سەرۆک جەنگییەکانی دیکەی جیهان دەپرسم: چەند منداڵ ژیان و خەونەکانیان بەهۆی جەنگەکانەوە دزراوە؟ دەسەڵاتێک کە بەناوی بەرخۆدانەوە هاوڵاتیانی خۆی دەکوژێت، تاوانبارێک کە جەنگ دەکاتە بەرنامەیەکی سیاسی، ئیمپراتۆریەتێک کە بە ناوی ئاسایشییەوە پاساو بۆ شەڕانگێزی دەهێنێتەوە و ئەوانەی توندوتیژییان کردووەتە سیاسەتێکی بە ئەنقەست، هەروەها بزانن لە بەرامبەر ئەو کەسانەی کە خوێنڕشتنیان کردۆتە ئامرازی حوکمڕانی یان پراکتیزەکردنی دەسەڵات بێدەنگ نابین.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئاشتی شتێکی گرانبەها نییە، جیهان دەبێت گوێمان لێبگرێت، منداڵیمان بەهۆی جەنگ و ململانێکانەوە دزراوە، ئێمە ئاشتیمان دەوێت، بۆ ئەو منداڵانەی لە جەنگەکاندا ئازار دەچێژن، ئێوە تەنها نین.
ڕێکخراوی کیدس ڕایتس ستایشی بوێری و بەرخۆدانی و پابەندبوونی بێوچانی بە دادپەروەری بانە عەبدی کرد و جەختی لەوە کردەوە، کە سەرەڕای "سەختی و نخەیاڵنەکراو"، چیرۆکەکەی گۆڕیوە بۆ "ئامرازێکی بەهێز بۆ کۆکردنەوە".
بانە عەبد بەشداری لە کۆنگرەکانی جیهاندا کرد، سەردانی منداڵانی لە کامپەکانی پەنابەران لە تورکیا و ئوردن کرد، دوو پەرتووکی نووسی، هەروەها لە ڕێکخەرانی هەڵمەتی "لەگەڵ حەلەب بوەستن" بوو، کە داوای هەڵگرتنی گەمارۆی سەر زیاتر لە ٣٦٠ هەزار هاوڵاتی مەدەنی کرد، ناساندنی نێودەوڵەتی و ستایشی لەلایەن سەرکردەکانی جیهانەوە وەرگرت و نازناوی "ئایکۆنی حەلەب"ی بەدەستهێنا.
براوەی پێشووی ئەم خەڵاتە بریتین لە گریتا تونبێرگ چالاکوانی ژینگەپارێزی سویدی و مەلالا یوسفزی خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی.