ئاوارە نەورۆز: هۆشیاری خێزانەکان بنەمای زوو چارەسەر کردنی منداڵانی ئۆتیزمە

ئاوارە نەورۆز، بەڕێوەبەری سەنتەری ئۆتیزم لە هەڵەبجە دەڵێت: ئۆتیزم جیاوازییە نەوەک ناتەواوی، هۆشیاری خێزانەکان بنەمای زوو چارەسەر کردنی منداڵەکانیانە.

میهرەبان سەلام

 

هەڵەبجە-ڕۆژی ٢ی نیسانی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی جیهانی ئۆتیزم دادەنرێت و لەم ڕۆژەدا گرنکیەکی زۆر زیاتر بە هۆشیاری دەدرێت، بۆ هۆشیار کردنەوە کەسانی کۆمەڵگاوە بۆ ئەوەی بە چاوێکی کەم سەیری مندالی ئۆتیزم نەکەن.

 

ئاوارە نەورۆز، بەڕێوەبەری سەنتەری ئۆتیزم کە تاکە سەنتەرە لەهەڵەبجەدا باسی لە کارو چالاکیەکانی سەنتەرەکە کردو وتی: ئێمە وەکو سەنتەری ئۆتیزم دەمانەوێت بڵێین ئۆتیزم جیاوازیە نەوەک ناتەواوی، سەنتەرەکەمان لەسالی ٢٠٢٣ بەشێوەیەکی فەرمی دامەزراوەو سەر بە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیە و خزمەتگوزاریەکان سەرجەمیان بی بەرامبەرن، جێگەیەکی تایبەتی هەیە بۆ خزمەت کردن بە منداڵانی خاوەن پێداویستی بەتایبەت ئۆتیزم، دەوامی سەنتەری ئۆتیزم لەهەڵەبجە لە ٨:٠٠ی بەیانی بۆ ١٢:٠٠ی نیوەڕۆیەو سەرجەم چالاکیەکان بەشێوەی خۆبەخشانە دەکرێن و ستافەکە زۆر بە توانان و ڕاهێندراون.

 

"بارودۆخ هۆکارە بۆ ئەوەی یادەکە وەک ساڵانی ڕابردوو نەبێت"

ئاوارە نەورۆز باسی لەوەکرد کە ساڵانە لە سەنتەرەکەیان، یادێکی تایبەتیان بۆمنداڵان کردووە تاوەکو زئاتر تێکەڵی کۆمەڵگە بن بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ئەو بارودۆخە نائارامەوە تەنها ناتوانین یادەکەیان شکۆدار بکەین، ئەمە واناکات لە چالاکی بوەستین، پێویستیشمان بە ستافی زیاترە، دەبێت ستافی زۆر بە هێز لە سەنتەرەکە هەبێت چونکە ڕێژەی منداڵانمان زۆرەو ستافمان کەمە، ڕێژەی مداڵی ئۆتیزم ڕوولە زیاد بوونەو پێویستیان بە ڕاهێنانی تاکیە و پێویستە ستاف زیاتر بێت، لەم کاتەدا لە پشوودا نین و پێویستمان بەوەیە بەردەوام لە کاردا بین، منداڵ نابێت تێکەڵ بکرێت لەگەڵ کاری دیکەدا، شتیک نییە بە ئۆنلاین ڕاهێنان بکرێت، دەبێت بەرجەستە بێت و نابێت منداڵی ئۆتیزم داببڕێت، چونکە دابڕان لە ڕاهێنان بارودۆخەکەی خراپتر دەکات.

 

"هۆشیاری خێزانەکان بنەمای زوو چارەسەر کردنی منداڵەکانیانە"

ئاوارە نەورۆز وەک ئەوەی چەند ساڵە ئەزموونی هەیە وتی: پیویستە دایکان و باوکان هۆشیار بن و شەرم نەکەن لەوەی منداڵەکەیان جیاوازی هەیە، پێویستە خێزانەکان هۆشیار بن، منداڵەکانیان نەشارنەوە، منداكەکانیان بهێننە سەنتەر، شاردنەوە هاوکاری ناکات بۆ باش بوون بەڵکو بارودۆخەکی قورستر دەبێت وچارەسەریشی لە دوارۆژ ئاسان نابێت، بۆیە ڕێنمایی دایک و باوکان دەکەین کە شەرم نەکەن، چونکە ئەمە ناتەواوی نییە بەلکو جیاوازییە و دنیای تایبەت بە خۆیان هەیەو زۆربەی کات ئەو منداڵانەی ئۆتیزمیان هەیە زیرەکترن لە منداڵی ئاسایی.